دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەرپرسانی ئێران سەرەڕای لێدوانە توندەکانیان لە بەردەم ڕای گشتیدا، لەڕادەبەدەر تامەزرۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکن لەگەڵ ئەمەریکا.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری فۆڕچۆن کە ڕۆژی دووشەممە 18ی مانگی پێنج بڵاوکرایەوە، سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی وتی "ئەوان لە کاتی دانوستانەکاندا لەسەر شتێک ڕێکدەکەون، بەڵام پاشان پارچە کاغەزێکت بۆ دەنێرن کە پەیوەندی بەو ڕێککەوتنە نییە کە کردوویانە. منیش دەڵێم ئێوە شێتن؟"
ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام بدات.
ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکاییەوە ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا بژاردەکانی هەنگاوی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی تاوتوێ دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممەش سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی هۆشداریی بۆ ڕێژیمی ئێران بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند "تاران دەبێ خێرا هەنگاو بنێت، یان ڕووبەڕووی لێکەوتەی ترسناک ببێتەوە."
سەبارەت بە لێکەوتە ئابورییەکانی شەڕی ئێران و گرانی نرخی نەوت، سەرۆکی ئەمەریکا بە فۆڕچۆنیشی وت "ئێمە بەهێزین."
ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕەنگە پێویست بکات چاوەڕێی کۆتایی شەڕ لەگەڵ ئێران بکات بۆ ئەوەی ڕێژەی سوودی زیاتر دابەزێنێت، وتی "بەڕاستی تا شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە، ناتوانیت سەیری ژمارەکان بکەیت."
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئابووری، ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایە و زیادکردنی داهاتی حکومەت و کەمکردنەوەی قەرزی 38 تریلیۆن دۆلارە.
ئەو بەرگری لە ئامرازەکانی وەکو باج و ڕێککەوتنە بازرگانییە گەورەکان و تەنانەت وەرگرتنی پشک لە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی کرد و وتی حکومەت پێویستە وەک وەبەرهێنەرێک مامەڵە بکات بۆ ئەوەی سوود لە گەشەی کۆمپانیاکان وەربگرێت.
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێبازە یارمەتی کۆمپانیاکانی وەک بۆینگی داوە کە زیاتر بفرۆشن و ئەمەریکا لە پێش چین لە پێشبڕکێی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرددا دابنێن.