هەژماری فەرمیی کۆشکی سپی لە ئێکس ڕۆژی شەممە، وتەیەکی سەرۆک ترامپی بڵاوکردەوە کە تیایدا هۆشدارییەکی ڕژد دەکات بەو کەسانەی کە بەنیازن زیان بە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بگەیەنن.
لە پۆستەکەدا وێنەیەکی سەرۆکی ئەمەریکا بە وتەیەکییەوە بڵاو کراوەتەوە کە "ئەگەر زیان بە ئەمەریکییەکان بگەیەنن، یان نیازی زیانگەیاندنتان بە ئەمەریکاییەکان هەبێت، ئێمە دەتاندۆزینەوە و دەتانکوژین".
دۆناڵد ترامپ، پێشتر هەر ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا و سوپای نەیجیریا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، ئەبو بیلال ئەلمینوکی، فەرماندەی باڵای داعش، "دووەم گەورەترین سەرکردەی داعش لە جیهاندا" و "چالاکترین تیرۆریستی جیهان"یان کوشتووە.