وتاری دەستپێکی ترامپ لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی چین دوای مەراسیمی بەخێرهاتنی فەرمی

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە وتاری دەستپێکی خۆیدا ڕایگەیاند شانازی دەکات لەگەڵ شی جینپینگ کۆ بووەتەوە و وتی ئەم کۆبوونەوەیە لەمە باشتر نەدەبوو و دەزانم بۆ ئێوەش ئەم دیدارە مانادارە.

سەرۆک ترەمپ وتی "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەیە و هەرکاتێک کێشەیەک ڕوویداووە، چارەسەرمان کردووە. من تەلەفۆنم بۆ تۆ دەکرد و تۆش تەلەفۆنت بۆ دەکردم."

وتیشی "ڕەنگە خەڵک نەزانن، بەڵام هەرکاتێک کێشەیەکمان هەبووە، زۆر بە خێرایی چارەسەرمان کردووە."

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا بە هاوتا چینیەکەی وت "من رێزێکی زۆرم بۆ چین هەیە و هەمیشە بە هەمووان دەڵێم کە تۆ سەرکردەیەکی گەورەیت و ڕەنگە هەموو کەسێک پێی خۆش نەبێت من ئەمە بڵێم، بەڵام من دەمەوێت شتە ڕاستەکە بڵێم."

ترامپ وتی "باشترین سەرکردەکانی بازرگانی لە جیهاندا" لەگەڵ خۆی هێناوە لە گەشتەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد ئەمڕۆ باشترینەکان لێرەن بۆ ئەوەی ڕێزی خۆیان بۆ ئێوە دەرببڕن.

سەرۆک ترامپ وتی هەندێک کۆبوونەوەکەیان بە "گەورەترین دانیشتنی لوتکەیی لە مێژوودا" ناودێر کردووە و وتیشی بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەو دانوستانانەیە کە بڕیارە ئەنجام بدرێن.

لە کۆتاییدایشدا وتی شانازییەکی گەورەیە کە لەگەڵت بم و شانازی دەکەم کە هاوڕێتم و ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین لە هەموو سەردەمێکی دیکە باشتر دەبێت.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ و سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک ترامپ و بەڕێوەبەرانی بازرگانی وەک ئیلۆن ماسک و تیم کوک و کێلی ئۆرتبێرگ (بۆینگ)، گەشتیان بۆ چین کردووە.