ئەمەریکا ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ بەشداربووانی پاڵەوانیەتی جیهانی فیفا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە واشنتن ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی گەورەترین و باشترین خولی پاڵەوانیەتی جیهانی تۆپی پێی فیفا لە مێژوودا دەکات.

لەم پێوەندیەدا ئەو وەزارەتە ڕایگەیاندووە، "بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ بەشداربووان و هاندەران"، هەندێک لە مەرجەکانی ڤیزا هەڵدەگرێت.

مۆرا نامدار، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە ئێکس، ڕایگەیاند وەزارەتی دەرەوە "مەرجی پارەی کەفالەت" هەڵدەگرێت بۆ پێدانی ڤیزا بۆ یاریزانان و ڕاهێنەران و ستافی یاوەریان، ئەگەر بێت و هەموو مەرجەکانی تری چوونە ناو ئەمەریکایان هەبێت.

لە هەمان کاتدا، ئەمەریکا بڕیاری داوە هەمان ئاسانکاری بکات بۆ هاندەرانی وڵاتە بەشداربووەکانیش، ئەوانەی بلیتەکانی جامی جیهانیان کڕیوە و هەتا 15ی چواری 2026 ناویان لە سیستەمی "فیفا پاس" تۆمار کردووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندنە، حکومەتی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە کە هەرچەندە هەوڵ دەدات هاتوچۆی یاسایی و ئاسان بۆ میوانانی پاڵەوانیەتییەکە دابین بکات، بەڵام هێشتا پابەندە بە "ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتمانی" و چاودێریی پێویست بۆ چوونە ناو وڵات.

خولی پاڵەوانیەتی جیهانی فیفا 2026 بە هاوبەشی لە ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، و چاوەڕوان دەکرێت ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان بۆ بینینی یارییەکان بگەنە ئەمەریکای باکوور. ئەم پاڵەوانیەتییە بە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیهان دادەنرێت و بڕیارە ژمارەی تیم و یارییەکانیش تێیدا زیاد بکرێت.