فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەوەتای دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران تا ئێستا، 61 کەشتی بازرگانییان ناچار کردووە ڕێڕەوەی خۆیان بگۆڕن.
سێنتکۆم لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی ئەمەریکا گەمارۆکە دژ بە ئێران جێبەجێ دەکەن و هێزەکانی سێنتکۆم 61 کەشتی بازرگانییان ناچار بە گۆڕینی ڕێڕەوی خۆیان کردووە و بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی گەمارۆکەش، چوار کەشتییان لەکارخستووە.
سێنتکۆم کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوێنێ ڕایگەیاندبوو ژمارەی ئەو کەشتیانەی بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە، 58 کەشتی بوون.
ڕۆژی هەینیش سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند تەقەیان لە دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێران کردووە و لەکاریان خستوون.