ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر داوای سەرۆک ترامپ ئاگربەستێکی سێ ڕۆژی ڕادەگەیەنن

ڕووسیا و ئۆکراینا بە بۆنەی ساڵیادی'ڕۆژی سەرکەوتن' لە جەنگی جیهانی دووهەم و لەسەر داواکاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاگربەست ڕادەگەیەنن.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروسدا دەڵیت هیوادارە ئەم ئاگربەستە ببێتە دەستپێکی کۆتاییهێنان بەم شەڕە.

ترامپ گووتی، "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە ئاگربەستێکی سێ ڕۆژە (9 و 10 و 11ی پێنج) لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایندا دەبێت. لە ڕووسیا ئاهەنگ بۆ ڕۆژی سەرکەوتن دەگێڕدرێت بەڵام، بە هەمان شێوە، لە ئۆکراینا، چونکە ئەوانیش بەشێک و هۆکارێکی گەورەی جەنگی جیهانی دووهەم بوون."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات ئەم ئاگربەستە سێ ڕۆژەیە ڕاگرتنی هەموو چالاکییە سەربازییەکان لەخۆدەگرێت، سەرەڕای ئاڵوگۆڕی هەزار دیل لە هەر وڵاتێکەوە.

دەشڵێت، "ئەم داواکارییە ڕاستەوخۆ لەلایەن منەوە کراوە و زۆر پێزانینم هەیە بۆ ڕازیبوون پێی لەلایەن سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و سەرۆک ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی. بەهیوای ئەوەی سەرەتای کۆتایی جەنگێکی زۆر درێژ و کوشندە و سەخت بێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە، کە گەورەترین ململانێیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و دەڵێت "ئێمە ڕۆژانە نزیکتر و نزیکتر دەبینەوە" لە وەستاندنی شەڕ.