پاپا لیۆ سەرۆکی کاتۆلیکەکانی جیهان و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ڤاتیکان کۆبوونەوە.
تامی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە دیدارەکەی ڕوبیو لەگەڵ پاپای بە نیشانەی پەیوەندی بەهێزی نێوان ڤاتیکان و ئەمەریکا ناو برد و وتی "ئەم کۆبوونەوەیە جەختی لەسەر پەیوەندی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و ڤاتیکان و پابەندبوونی هاوبەشی نێوانیان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و کەرامەتی مرۆڤایەتی کردووەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ پیترۆ پارۆلین وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان قسەی کردووە سەبارەت بە "هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی "گفتوگۆکە ڕەنگدانەوەی هاوکاری درێژخایەنی ئەمەریکا و ڤاتیکان بوو لە پێشخستنی ئازادی ئایینیدا."
مارکۆ ڕوبیۆ، کەسێکی کاتۆلیکی باوەڕمەندە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئەو گرژی و کەلینەی نێوان کۆشکی سپی و پاپا کەم بکاتەوە.
ڕۆبیۆ پێش گەشتەکەی جەختی لە خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ ڤاتیکان کردەوە، لەنێویاندا لەسەر پرسی ئازادی ئایینی لە سەرانسەری جیهاندا.
کۆبوونەوەکەی نێوان ئەم دوو کەسە دوای چەند هەفتەیەک گرژیی نێوان ڤاتیکان و کۆشکی سپی لەسەر شەڕ ئێران دێت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند کە هەردوولا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە.
پاپا لیۆ ڕەخنەگری شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بووە و داوای ئاگربەستی کردووە و ئەمەش ترامپی تووڕە کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕەخنەی لە ڕێبەری کاتۆلیکی جیهان گرت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا کوژرانی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرکۆنە نەکردووە.
دوابەدوای ئەم ڕەخنانە، پاپا لیۆ کوشتنکارییەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد و سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە هەزاران خۆپیشاندەر لە ئێران کوژراون، وتی "هەموو ئەو کارانە شەرمەزار دەکەم کە ناڕەوان و سەرکۆنەی کوشتنی خەڵک دەکەم."