وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی لەگەڵ حەوت کۆمپانیای پێشەنگ لە بواری ژیریی دەستکرد ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد لە کایە نهێنییەکانی وەزارەتەکەدا.
وەزارەتی جەنگ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەم ڕێککەوتنانە گۆڕانکارییەکان خێراتر دەکەن بۆ چەسپاندنی سوپای ئەمەریکا وەک هێزێکی شەڕکەر کە تێیدا ژیریی دەستکرد لە پێشینەدایە؛ هەروەها تواناکانی شەڕکەرەکانمان بەهێزتر دەکات بۆ باڵادەستی بڕیاردان لە هەموو کایەکانی شەڕدا."
ئەو ڕێککەوتنە حەوت کۆمپانیای پێشەنگ لە بواری ژیری دەستکرد لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە سپەیس ئێکس، ئۆپن ئەی ئای، گوگڵ، ئینڤیدیا، ڕیفلێکشن، مایکرۆسۆفت و خزمەتگوزاری وێبی ئەمازۆن.
وەزارەتی جەنگ دەڵێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، دەتوانێت ئەو بەرهەمانەی ژیریی دەستکرد بەکار بهێنێت لەو ئەرکانەی وەزارەتەکە کە دەکەونە ئاستی شەش و حەوت، کە دەکەونە خانەی باڵاترین و نهێنیترین کارەکانی سوپای ئەمەریکا.