ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک ترامپ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوت و گاز کۆ بووەتەوە.
بە وتەی بەرپرسەکە، کۆبوونەوەکە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە چووە کە بەرپرسانی باڵای کۆمپانیای شێڤرۆن و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی وزە لە ناویدا بەشدار بوون.
لەو کۆبوونەوەدا لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ، وەک بەرهەمهێنانی نەوت، گرێبەستی فرۆشی نەوت لە داهاتوودا، گواستنەوەی بەرهەمەکان، و گاز گفتووگۆ کراوە.
وتەبێژێکی کۆمپانیای شێڤرۆن ڕایگەیاند کە مایک ویرت، سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیاکە، بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.
هەتا ئێستا، کۆشکی سپی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی سەبارەت بەم هەواڵە پیشان نەداوە.