ترامپ: ڕووداوەکەی شەوی رابردوو گرنگی ساز کردنی هۆڵێکی پارێزراو لە ناو کۆشکی سپی نیشان دەدات

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی 26ی چوار لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ ڕایگەیاند ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو دیسانەوە ئەوە دەخاتە ڕوو، دروستکردنی هۆڵێکی گەورە و پارێزراو لە ناو کۆشکی سپی چەند گرنگە.

سەرۆک ترامپ گوتی " ئەوەی دوێنێ شەو ڕوویدا ڕێک ئەو هۆکارەیە کە لەشکری مەزنمان ، خزمەتگوزاری نهێنی، کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا بە هۆکاری جیاجا، هەموو سەرۆکێکمان لە ماوەی 150 ساڵی ڕابردوودا، داوای ئەوە دەکەن کە هۆڵێکی گەورە و سەلامەت و پارێزراوی ئاهەنگگێڕان لەسەر زەوی کۆشکی سپی دروست بکرێت."

ترامپ وتی ئەم هۆڵە، کە لە کاتی ئێستادا خەریکە دروست ئەکرێت ئەگەر زووتر تەواو بووایە، ئەو ڕووداوە ڕووی نەدەدا. ئاماژەی بەوەشکرد کە هۆڵەکە بە هەموو تایبەتمەندییەکانی پاراستن و ئاسایشیی بەرزی سەربازییەوە دروست دەکرێت و لە ناو سنوورە پارێزراوەکانی کۆشکی سپی دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شوێنێکی بێ پاراستن لە سەرەوەی هۆڵەکە نابێت و هەموو شوێنەکان لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی سیستەمی ئاسایشی دەبن.

ترامپ لە هەمان پەیامدا ڕەخنەی لە داوایەکی یاسایی گرت کە لە دژی ئەو هۆڵە پێشکەش بە دادگا کراوە و داوا ئەکات ئەو داوا یاساییە بە خێرایی ڕەت بکرێتەوە.

وتیشی پێویستە هیچ شتێک ڕێگری نەکات لە درێژەدان بە دروستکردنی هۆڵەکە، کە بە گوتەی ئەو لەسەر بودجەی دیاریکراوە و پێش کاتە دیاریکراوەکەش دەچێتە پێشەوە.

ئاماژەی سەرۆک ترامپ بە داوایەکی یاساییە کە داوا دەکات لەوانەیە لەو پرۆژەیە دا یاساکانی ڕێکخستنی شوێن، پاراستنی ژینگە یان پاراستنی میراثی مێژوویی رەچاو نەکرێن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم داوا یاساییە لەلایەن دانیشتووێکی شاری واشنتنەوە پێشکەش کراوە، کە گومان دەخاتەسەر یاساییبوون و چاودێریی پرۆژەکە.