کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تەقەکردنەکەی شەوی شەممەی لە مەڕاسیمی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە پایتەختی ئەمەریکا کە دۆنالد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکاش ئامادەی بوو، سەرکۆنە کرد.
ستارمەر لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند "بە بینینی وێنەکانی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن تووشی شۆک بووم"وە گووتیشی "هەر هێرشێک بۆسەر دامەزراوە دیموکراسییەکان یان ئازادی ڕۆژنامەگەری دەبێت بە تووندی سەرکۆنە بکرێت"هەروەها ڕایشیگەیاند "لە قوڵایی دڵمەوە دڵخۆشم کە سەرۆکی وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و خانمی یەکەم و ئامادەبووان سەلامەتن".
بەنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ،هێرشەکەی بە هەوڵێکی کوشتنی سەر سەرۆک ترامپ وەسفکرد وەگووتی "من و سارا تووشی شۆک بووین بە بینینی هەوڵی دوێنێ شەوی کوشتنی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە واشنتن دیسی " ناتانیاهۆ گووتی "خۆشحاڵین کە سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەم سەلامەت و تەندروستن." هیوای چاکبوونەوەی خێرا و تەواوی بۆ ئەفسەرە بریندارەکە خواست و دەستخۆشی لەدەزگای نهێنی ئەمەریکا کرد بۆ کارە خێرا و یەکلاکەرەوەکانیان.
هەروەها ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆک ترامپ دەربڕی .ماکرۆن گووتی "هێرشی چەکداری دوێنێ شەو لە دژی سەرۆکی ئەمەریکا جێگای قبووڵکردن نیە،پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ سەرۆل دۆناڵد ترامپ دەردەبڕم."
جۆرجیا مێڵۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیوویەتی"دەمەوێت هاوسۆزی تەواو و دلسۆزانەی خۆم بۆ سەرۆک ترامپ ، خانمی یەکەم میڵانیا و جێگری سەۆک ڤانس و هەموو ئامادەبووان لە ئێوارەخوانەکەی دوێنێ شەوی پەیامنێران دەرببڕم"وەئاماژەی بەوەشکرد "لەناوئێمە جێگەی ڕقوکینەی سیاسی نابێتەوە و ڕێگەنادەین تووندڕەوی کەشی مشتوومڕو زانیاری ئازاد ژەهراوی بکات، دەبێت پاراستنی کەلتووری فرەچەشنی وەک قەڵایەکی نەبەزیوو لە بەرامبەر هەر کردەوەیەکی لیبووردەیی بمێنێتەوە کە نەتەوەکانمان دایانمەزراندوە. "
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لای خۆیەوە سەرنجی بۆ هێرشەکەی دوێنێ شەو ڕاکێشا و ڕایگەیاند "هەوڵی هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئێوارەخوانەکەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە پایتەختی ئەمەریکا سەرکۆنە دەکەم،ئەردۆغان گووتی "خۆشبەختانە هیچ کەسێک زیانی لێنەکەوتووە، بە سەرۆک ترامپ و میلانیایی هاوسەریشیەوە، گوتیشی لە وڵاتانی دیموکراسیدا بە بیرۆکە دەجەنگێین."
جێی ئاماژەیە دوێنێ شەو لە کاتی میوانداری ئێوارە خوانێکی پەیامنێرانی کۆشی سپی لە هۆتێل هیڵتۆن لە واشنتنی پایتەختی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ،چەکدارێک تەقەی کرد بەڵام خۆشبەختانە کەس زیانی لێنەکەوت و هێزە ئەمنیەکان هێرشبەرەکەیان دەستگیر کرد .