ئاگر لە بنکەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە بەریتانیا دەکەوێتەوە

میدیاکانی بەریتانیا ڕایانگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد لە شاری گلۆستێرشایر کەوتۆتەوە، ئەو بنکەیەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا دژی ڕژێمی ئێران بەکار دەهات.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەدا چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. وێنەکانی شوێنی ڕووداوەکە دەریدەخەن کە دوکەڵ و بڵێسەی ئاگر لە باڵەخانەیەکی کۆن و چۆڵکراو لەسەر بنکەکە بەرزبووەتەوە، لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەشێک لە سەقفەکەی داڕماوە.

بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، لە ڕووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ هەواڵێکیش لەبارەی زیانگەیاندن بە فڕۆکەکان نەبووە، بەڵام تا ئێستا ڕادەی زیانەکانی ژێرخان یان کەرەستەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا نەزانراوە.

بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی بوونی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ئەوروپا و یەکێکە لەو بنکە کەمانەی ئەوروپی کە توانای ڕاگرتنی فڕۆکە بۆمبهاوێژە دوورمەوداکانی ئەمەریکای هەیە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێنەکانی ڕۆیتەرز هەروەها بوونی فڕۆکەی B1B لانسەریان لەو بنکەدا تۆمار کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران.