سەرۆک ترامپ سەردانی شاندی ئەمەریکا بۆ پاکستان هەڵدەوەشێنێتەوە

سەرۆک ترامپ لە پۆستێکدا لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە و دەڵێت "گەشتی شاندەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشاندووەتەوە."

ترامپ لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت "هەتا ئێستاش کات و توانای زۆر لەسەر ئەم بابەتە بەهەدەر چووە، لەکاتێکدا کە ئێرانییەکان لە ناو خۆیاندا کێشەی ناوخۆییان هەیە و "کەس نازانێ کێ بەرپرسیانە، تەنانەت خۆشیان نازانن."

پێشتریش دۆناڵد ترامپ بە فاکس نیوزی ڕاگەیاند بوو کە سەردانی شاندەکەی ئەمەریکای بۆ پاکستان هەڵوەشاندووەتەوە.

شاندەکەی ئەمەریکا کە پێکهاتبوون لە "ستیڤ ویتکاف و جەرێد کۆشنەر، بڕیار بوو رۆژی شەممە، بە مەبەستی وەرگرتنی پەیامەکانی ئێران بەرەو پاکستان بەڕێ بکەون، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا سەردانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ڕۆیتەرز لە زاری میدیای پاکستانی ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

هەتا ئێستاش هیچ وردەکارییەک سەربارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی شاندەکە نەخراوەتەڕوو.

سەرۆک ترامپ بە فاکس نیوزی ڕاگەیاند "ئێمە هەموو کارتەکانمان لەبەردەستە و ئەوان هەرکات بیانەوی دەتوانن پەیوەندیمان پێکەوە بکەن."

هەروەها گوتیشی" کاتێک شاندەکە سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ گەشتەکەیان، پەیوەندییم پێوەکردن و پێموتن مەڕۆن، چیدیکە پێویست ناکات ئەو هەموو ڕێگا دوور و درێژە ببڕن و لەسەر شتانێکی هیچ قسە بکەن."