وەزارەتی دادی ئەمەریکا هاوڵاتییەکی ئێرانی بە قاچاخچێتی بە مرۆڤ تۆمەتبار دەکات

دادگای ناوچەی ڕۆژاوای تێکساس ڕۆژی هەینی هاوڵاتییەکی 57 ساڵەی ئێرانی بە ناوی جەعفەر تەفەکۆری بە تاوانی ڕێکخستنی قاچاخکردنی کۆمەڵێک کەس بۆ ناو وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاوانبار کرد.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت ئەو تاوانبارە لە کۆلۆمبیا لەسەرداواکاریی حکومەتی ئەمریکا دەستگیر کراوە. ئەگەر تۆمەتەکان پشتڕاست بکرێنەوە، تەفەکۆری دەکرێت بۆ دە ساڵ زیندانی بکرێت.

بەپێی ناوەڕۆکی تاواننامەکە، لە یەکی مانگی دوازدەی 2022 هەتا نزیکەی 15ی مانگی پێنجی 2024 ، تەفەکۆری بە شێوەیەکی نایاسایی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی، کە زۆربەیان هاووڵاتی ئێرانی بوون، بۆ پارە و بە شێوەی قاچاخ هێناوەتە ناو ئەمەریکا.

دەشڵێت تاوابنارەکە لەگەڵ کەسانی تر هاوکاری کردووە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە، گواستنەوە و هەندێک جار بلیتی فڕۆکە بۆ گەشتکردن لە ڕێگای ئەمەریکای باشوور و ناوەڕاست و مەکسیکەوە بەرەو سنووری ئەمەریکا.

لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە تەفەکۆری بۆ ئەم کارە نزیکەی 30 هەزار دۆلاری لە کەسەکان وەردەگرت. دوای گەیشتن بە سنووری ئەمەریکا–مەکسیک، ئەو کەسانە ئاراستە دەکران بۆ چوونە ژوورەوەی نایاسایی بۆ ناو ئەمەریکا.

تاد بلانش، وەزیری کاتی دادی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، “پاراستنی سنوورەکان و ڕاگرتنی قاچاخکردنی مرۆڤ یەکێکە لە سەرەتاتییرین ئامانجەکانمان. گومانی جیددی هەیە لەسەر ئەم تاوانبارە کە ژمارەیەک کەسی نایاسایی گواستووەتەوە بۆ ناو وڵات و بەو شێوەیە لە یاساکانی کۆچبەری لای داوە."

هەروەها تیسێن دوڤا لە بەشی تاوانی وەزارەتی دادپەروەری گوتی، "تەفەکۆری بۆ ماوەی 18 مانگ هاوڵاتیانی ئێرانی بە شێوەی نایاسایی هێناوەتە ناو ئەمەریکا. دەستگیرکردنی ئەو لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆلۆمبیاوە خێرا بوو و دوای گەڕاندنەوەی بۆ ئەمریکا، رووبەڕووی بەرپرسایەتی تاوانەکانی ئەبێتەوە."

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا جەخت دەکەنەوە لەوەی هەر کەسێک بەشداربێت لە تۆڕەکانی قاچاخکردنی مرۆڤ، لە ناو وڵات بێت یان لە دەرەوە، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.