وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکی بەرپرسێکی عێراقیدا بگرێت

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە ماڵپەڕی خۆیدا ئاماژەی بە سکاڵایەک کردووە سەبارەت بە موڵکێک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە دەڵێت بە پێی ئیدیعای سکاڵاکە ئەو موڵکە هینی بەرپرسێکی فەرمی عێراقییە و گوایە بە پارەی بەرتیل کڕدراوە.

ئەمەش دەقی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دادە:

وەزارەتی داد ڕۆژی چوارشەممە سکاڵایەکی دەستبەسەرداگرتنی سیڤیلی لە دادگای ناوچەیی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ناوەندی کالیفۆرنیا تۆمارکرد و لەو سکاڵایەدا داوای دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک دەکرێت کە دەکەوێتە شاری بێڤەرلی هیڵز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە گوایە بە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە، لە داهاتی پلانێک بۆ فێڵکردن لە دەزگای لۆجستیکی بەرگری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و بەرتیلدان بە بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشێلکردنی یاساکانی سپیکردنەوەی پارەی ئەمەریکا.

بە گوێرەی ئەو ئیدیعایەی لە سكاڵاکەدا هاتووە، لە ساڵی 2016 تا 2020، بەڵێندەرێکی بەرگری کە بنکەکەی لە ڤێرجینیایە و کەسانی دیکە سەرقاڵی پلانێکی گەندەڵ بوون بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیای DLA بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بۆ سوپای ئەمەریکا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی چارەنووسی سروشتی، هەڵمەتی ئەمەریکا دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر (EIA) کە دەکەوێتە کوردستان، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئاسایشی ناوخۆی بۆ دابین دەکرد و کۆنتڕۆڵی چوونە ژوورەوەیان بۆ ئەو دامەزراوەیە دەکرد، وەک خاڵێکی گرنگ بۆ گەیاندنی ئەو سوتەمەنییە بەکار هاتبوو کە سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لەکاتی هەڵمەتەکەدا بەکاریدەهێنا.

لە سکاڵاکەدا باس لەوە کراوە گوایە بەرپرسانی بەڵێندەرەکە ڕازیبوون بە پێدانی بڕی 25 سەنت بەرتیل بۆ هەر لیترێک سوتەمەنی، بە ژەنەڕاڵ مەنسور بارزانی، بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە، بۆ دەستڕاگەیشتنێکی تایبەت بە گەیاندنی سووتەمەنی فڕۆکە لە کوردستان بۆ هێزەکانی سەربازی و هاوپەیمانانی ئەمەریکا و 700 ملیۆن دۆلاریان بە پێی گرێبەستەکانی DLA وەرگرتووە، بۆ کڕینی سوتەمەنی بۆ هێزەکانی ئەمەریکا بە درێژایی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش لە عێراق و سوریا، لە هەمانکاتدا، ڕکابەرەکانی بەڵێندەر ڕێگرییان لێکرا لە دەستگەیشتن بە EIA بۆ گەیاندنی سووتەمەنی فڕۆکە بەناوی DLA، و DLA گرێبەستی یەکجارەکی کڕینی بۆ بەڵێندەر دەرکرد زۆرجار بە نرخێکی کە کێبڕکێی بۆ نەدەکراو زۆر گران.

بەپێی سکاڵای دەستبەسەرداگرتنی مەدەنی، ئەو پارانەی کە بەڵێندەر لە ئەنجامی ئەو پلانەدا لە کۆمپانیای DLA وەریگرتووە، گواستراوەتەوە بۆ هەژماری ( (NYJD Trust No.1، کە بانکێکی متمانەیە لە ڤێرجینیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بارزانی دامەزراوە. لە ساڵی 2018 دا نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار لەو پارانە لە بانکی متمانەی بارزانی گواسترایەوە بۆ کڕینی کۆشکی بێڤەرلی هیڵز و هەروەها نۆژەنکردنەوەی موڵکەکە لە ساڵی 2019 تا 2022.

ئەم کەیسە لەلایەن ئۆفیسی مەیدانی واشنتۆنی FBI، خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرگری و لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی IRS (خزمەتگوزاری داهاتی ناوخۆ)وە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.

جێگری سەرۆکی دادگا مایکل بی ڕێدمان و پارێزەری باڵای دادگاییکردن ستیڤن پارکەر لە بەشی سپیکردنەوەی پارە و ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی بەشی تاوانەکان (MNF) سەرقاڵی پێڕاگەیشتنن بەم دۆسێیە. هەروەها نووسینگەی داواکاری گشتی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ناوەندی کالیفۆرنیا و نووسینگەی کاروباری نێودەوڵەتی وەزارەتی داد پشتگیرییەکی بەرچاویان بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە کردووە.