سەرۆک ترامپ: شەڕی ئێران زۆر نزیک بووەتەوە لە کۆتایی

بێژەری کەناڵی فۆکس نیوز شەوی سێشەممە بە کاتی واشنتن لە پلاتفۆرمی ئێکس بەشێک لە گفتوگۆیەکی خۆی لەگەڵ سەرۆک ترامپ بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا پرسیار لە ترامپ دەکات و دەڵێت جەنابی سەرۆک تۆ بەردەوام باسی شەڕەکە لە کاتی ڕابردوودا دەکەیت، ئایا شەڕەکە کۆتایی هاتووە؟" ئەو دەڵێت ترامپ وەڵامی دەداتەوە بەڵێ زۆر نزیک بووەتەوە لە کۆتایی.

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنەدا هەروەها سەبارەت بە کردەوەکانی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی دەڵێت هێشتا کارمان ماوە و تەواو نەبووین.

سەرۆک ترامپ بە ماریا بارتیرۆمۆ، پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز دەڵێت ئەگەر لە دژی کۆماری ئیسلامی هەنگاوی نەگرتبایە بەر "ئێستا ئێوە ڕووبەڕووی کۆمارێکی ئیسلامی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەبوونەوە و ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبوایە، ئێوە دەبوو بە هەموویان بڵێن بەڵێ قوربان و بە دڵنیاییەوە ئیوە ناتانەوێ ئەوە بکەن."

پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس نیوز لە سەرۆکی ئەمەریکای پرسی "ئێوە بەردەوام کرداری ڕابردوو بۆ جەنگەکە بەکار دەهێنن دەڵێن بوو"، ئایا ئەم شەڕە کۆتایی هاتووە؟

سەرۆک ترامپ وەڵامی دایەوە "پێموایە نزیکە لە کۆتایی. بەڵێ."

سەرۆکی ئەمەریکا وتی "من دۆخەکە وا دەبینم کە زۆر نزیکە لە کۆتایی."

وتیشی "ئەگەر لە ئێستادا ئێران وەک خۆی جێی بهێڵم، 20 ساڵیان دەوێت تا ئەو وڵاتە بنیات بنێنەوە."

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی "هێشتا تەواو نەبووین، با بزانین چی ڕوودەدات، پێموایە ئەوان زۆر حەز دەکەن ڕێککەوتنێک بکەن."

بڕیارە تەواوی ئەم چاوپێکەوتنە ڕۆژی چوارشەممە پەخش بکرێت.

دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە پاکستان نەیانتوانی ئەنجامیان هەبێت، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گەمارۆی دەریایی بۆسەر کۆماری ئیسلامی دەستیپێکرد، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران.

کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند پێداچوونەوە بۆ پرسی دانوستانەکانی داهاتووی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە پەیامێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پێداچوونەوە بۆ پرسی گفتوگۆکانی داهاتوو دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ پلانێک دانەنراوە".