سەرۆک ترامپ: ژمارەیەکی زۆری کەشتی نەوتهەڵگر لە ڕێگادان بۆ ئەمەریکا بۆ کڕینی باشترین نەوتی جیهان

سەرۆک ترامپ لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی تروث ڕاێدەگەیەنێت ژمارەیەکی زۆرلە کەشتی نەوتهەڵگری گەورە بە بەتاڵی بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوتوون بۆ کڕینی نەوت و گازی ئەو وڵاتە.

ترامپ نووسیویەتی "ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی نەوتهەڵگر کە بە تەواوەتی بەتاڵن، کە هەندێکیان لە گەورەترینەکانی جیهانن، لە ئێستادا بەرەو ئەمەریکا دێن بۆ بارکردنی باشترین و 'شیرینترین' نەوت (و گاز!) لە هەموو جیهاندا."

سەرۆکی ئەمەریکا باسی ئەو وڵاتانەی نەکردووە کە لەئێستادا داوای نەوت لە ئەمەریکا دەکەن، بەڵام نووسیویەتی "نەوتەکەمان لە کۆی گشتی دوو ئابووریی گەورەی داهاتوی جیهان زیاترە و کواڵیتیشی بەرزترە، چاوەڕوانی ئێوەین."

ئەم پۆستە لە کاتێکدایە کە بازاڕی جیهانی نەوت بەهۆی کێشەکانی تەنگەی هۆرمز و کەمکردنی دابینکردنی نەوت لە ناوچەکەدا، لە ژێر گوشارێکی زۆردایە.

بەپێی زانیارییەکانی بازاڕ، چەندین کەشتی گەورەی نەوتهەڵگری بەتاڵ بەرەو کەنارەکانی کەنداوی ئەمەریکا بەڕێکەوتوون بۆ بارکردنی نەوتی خاو.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی زانیاریی وزەی ئەمەریکا ، ئەم وڵاتە لە ساڵی 2025 و سەرەتای 2026 دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی گەیاندووەتە ئاستێکی مێژوویی، بە تێکڕا نزیکەی 13.5 بۆ 13.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم بڕە زیاترە لە بەرهەمهێنانی ڕووسیا و سعودیە بەگشتی.

نەوتی ئەمەریکا بە "شیرین" بوون و جۆری بەرز ناسراوە، چونکە ڕێژەی پیسایی تێیدا کەمە و ئاسانتر ئەپاڵێورێت. لە ئێستادا ئەمەریکا نەوەک پێداویستی نەوتی خۆی دابین دەکات، بەڵکوو بەشێکی زۆری هەناردەی دەرەوە دەکات و پێشبینی دەکرێت لە مانگی پینجی داهاتوودا، هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەنداوی ئەمەریکا بگاتە 5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.