ئاسمانگەڕانی ئارتەمیس 2 لە ڕێگادان بۆ سەر زەوی

ئاژانسی واڵایی ئاسمانی ئەمەریکا، ناسا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند چوار ئاسمانگەڕی ئەرکی ئارتمیس 2، پاش گەشتێکی مێژوویی بە دەوری مانگدا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی دەگەڕێنەوە سەر زەوی.

ئاژانسی ناسا ڕایگەیاند کەشتییە ئاسمانییەکەی ئۆریۆن کە سێ ئەمەریکایی و کەنەداییەک هەڵدەگرێت، بڕیارە لە زەریای هێمن بە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی باشووری کالیفۆرنیا بنیشێتەوە.

جێگری بەڕێوەبەری ناسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەستەکە کاری خۆیان کردووە، ئێستا نۆرەی ئێمەیە کاری خۆمان بکەین."

ئەم ئەرکە کە 10ڕۆژەی خایاند، سوڕانەوە بە دەوری مانگدا بوو. لە کاتی گەشتەکەدا، ئاسمانگەڕەکان وێنەی تایبەتمەندییە جیۆلۆجییە گرنگەکانیان گرتووە و تێبینییەکانیان بۆ تیمە زانستییەکانی ناسا لەسەر زەوی گواستوەتەوە.

هەروەها ئەو ئاسمانگەڕانە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکەن سەبارەت بە دوورترین مەودای مرۆڤ کە تا ئێستا لە واڵایی ئاسماندا تێپەڕیبێت.

سەرنجی سەرەکی ئەرکی ئارتمیس 2 بریتی بووە لە تاقیکردنەوەی کەشتی ئاسمانی ئۆریۆن و سیستەمەکانی دیکە، چوونکە ناسا ئامانجی ئەوەیە بە لانیکەمەوە لە ساڵی2028 دا ئاسمانگەڕان بنێرێتە سەر مانگ.