ڤانس لەکاتێکدا بەرەو پاکستان بەڕێدەکەوێت، هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت یاریمان لەگەڵ مەکەن

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پێش ئەوەی واشنتن بەرەو پاکستان بەجێبهێڵێت، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند چاوەڕی دەکات گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران ئەرینی بێت و هاوکات هوشداریشی بە ئێران دا کە "یاریمان لەگەڵ مەکەن."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەناو فڕۆکەکەدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت "وەک سەرۆک ترامپ وتوویەتی ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەبن بە نیاز باشیەوە دانوستان بکەن، بە دڵنیاییەوە ئێمە ئامادەین دەستی دۆستایەتی درێژ بکەین. ئەگەر بڕیارە یاریمان لەگەڵ بکەن، ئەوا بۆیان دەردەکەوێت کە تیمی دانوستانکار ئەوە قبوڵ ناکەن و نەرم نابن."

ڤانس هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک ترامپ ڕێنمایی زۆر ڕوونی پێداون و وتی دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین پرۆسەکە چۆن دەڕوات.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران، جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی لەگەڵ دوو نێردەی تایبەت دەنێرێتە وتووێژەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئێران دەڵێن تا لوبنان بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست زیاد نەکرێت و ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا ڕانەگرێت، بەشداری دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ناکەن.

ئەمەش ببینە

دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە ئیسلام ئاباد دەستپێدەکات


بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم وتووێژانە ناڕاستەوخۆ دەبن، واتە هەردوولا لە ژووری جیاواز دادەنیشن و پاکستانییەکان پەیامەکانی نێوانیان دەگەیەنن.