Accessibility links

دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە ئیسلام ئاباد دەستپێدەکات

دوای ئەوەی حکومەتی پاکستان پێش دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە وڵاتەکەیدا بە پشوو ڕاگەیاند، ڕاپۆرتی ئەوە بڵاوکرایەوە کە دانوستانەکان لە ڕۆژی هەینی دەستپێدەکەن، بەڵام دواتر چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا بڵاویانکردەوە کە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا ڕۆژی شەممە 11ی مانگی چوار بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم وتووێژانە ناڕاستەوخۆ دەبن، واتە هەردوولا لە ژووری جیاواز دادەنیشن و پاکستانییەکان پەیامەکانی نێوانیان دەگەیەنن.

پێش ئەم دانوستانانە، پاکستان هێزە سەربازییەکانی لە سەر شەقامەکان جێگیر کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە.

هەروەها حکومەتی پاکستان ڕایگەیاندووە مەرجی ڤیزەی بۆ وڵاتانی جۆراوجۆری بەشدار لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە نێویاندا بۆ ڕۆژنامەنووسان هەڵگرتووە.

ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕۆژی هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی "پاکستان بەخێرهاتنی هەموو نوێنەران دەکات بە ڕۆژنامەوانانی وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی 2026 ئیسلام ئابادیشەوە کە گەشت بۆ ئەو وڵاتە دەکەن.

دەشڵێت "لەو بارەوە داوا لە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان دەکرێت ڕێگە بە هەموو ئەو کەسانە بدەن بەبێ ڤیزا سواری فڕۆکە بن و حکومەتی پاکستانیش لەکاتی گەیشتنیان ڤیزەیان پێدەدات."

بەرپرسانی پاکستان تا ئێستا لیستی وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا لە ئیسلام ئابادیان نەخستووەتەڕوو، بەڵام پێشتریش تورکیا و میسر وەک ناوبژیوان لە دانوستانەکاندا ئاماژەیان پێکراوە.

پێدەچێت ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان تێوەگلاون لە شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشدار بن، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو.

هەروەها فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەڵمانیا گرنگی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی دیپلۆماسی دەدات بۆ قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم دانوستانە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمەریکا، بە نێوەندگیری پاکستان بەڕێوەدەچێت کە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی وادەی دۆناڵد ترامپ کۆتایی پێبێت، ڕاگەیەندرا، وادەیەک کە هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتی ئێرانی کردبوو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG