لە ئەنجامی هێرشی دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ڕژێمی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر گوندێکی سنوری هەولێر کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەیەک و هاوژینەکەی. وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی کردەییان هەبێت ولە ئاست تاوانەکان بێدەنگ نەبن.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند،" بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی شەوی ڕابردوو دەکەین کە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر گوندی (زەرگەزەوی) لە سنووری شاری هەولێر دەکەین. بەداخەوە
ئەم پەلامارە دڕەندانەیە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ) و هاوژینەکەی." ئەو دوو هاوژینە دوو منداڵیان لە دوای خۆیان جێهێشتووە کە تەمەنیان لە نێوان دوو ساڵ بۆ سێ ساڵدایە.
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی،" بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەکان و پێشێلکردنی شکۆی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاکەکەمان هێڵی سوورە. داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی کردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن."
دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ئاڕاستەی سنوری گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیە دارەشەکرانە لە سنوری قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کران و دانەیەکیان بەر ماڵی مووسا ئەنوەری پیشەی پێشمەرگە کە تەمەنی 39 ساڵە و هاوسەرەکەی بەناوی مژدە ئەسعەد حەسەن کە تەمەنی 35 ساڵە دەکەوێت و گیانیان لە دەستدا.
دژە تیرۆری کوردستانیش بڵاویکردەوە ئاڕاستەی درۆنەکان لە ئێرانەوە بووە.
بەپێی چاودێری تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، زۆرینەی هێرشەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەلایەن گروپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدەدرێن. ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون. لە (474) هێرش، (359) هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدراون کە ڕێژەی (%75.74پێکدەهێنێت. (104) هێرشی تریان لە ڕێگەی موشەکەوە بووە کە ڕێژەی %21.94ی هێرشەکان پێکدەهێنێت. (10) هێرشیش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بووە کە ڕێژەی %2.11پێکدەهێنێت و یەک ڕووداوی تەقە کردنیش هەبووە، کە ڕێژەی (%0.21)ی هێرشەکانە. لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان (228) هێرشیان لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی، یاخود تەقەکردن پوچەڵکراونەتەوە یاخود بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان کەوتونەتە خوارەوە کە ئەمەش بە واتای ئەوە دەێت، ڕێژەی %60.76ی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکانەی کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان خراونەتە خوارەوە یاخود خۆیان کەوتوونەتە خوارەوە.
لە 28ی شوباتی 2026ەوە تاوەکو 28ی ئاداری 2026، بەهۆی هێرشەکانەوە (104) کەس بوونەتە قوربانی (14 کوژراو و 90 بریندار). بەڵام لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا، (107) کەس بوونەتە قوربانی (14 کوژراو و 93) بریندار، کە لەو ژمارەیە (19) کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون و هەموویان برینداربوون.
سەرباری زیانی گیانی، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر (46) خانووی هاووڵاتی مەدەنی کەتووە و (32) ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتووە. مەترسی هێرشەکانیش بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە تێرۆریستیەکەی شەوی ڕابردووی کرد و ڕایگەیاند،" ئهم هێرشانه به هیچ شێوهیهک قبووڵکراو نین و به تهواوی ڕهتکراوهن. پێويسته حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئهرك و بەرپرسیاريهتیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگريكردن لهم تاوان و هێرشه تيرۆرستييانه و چیتر ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر خەڵکی سڤيل و بێتاوانى هەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە."
هێرشە مووشەکی و درۆنیەکانی ڕژێمی ئیران و گروپە هاوپەیمانەکانی لەعێراق، ترس و دڵە ڕاوکێیەکی زۆری لەلای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەوهۆیەوە زۆرینەی سێکتەرەکانی ژیان پەکیان کەوتووە، چونکە زۆرینەی موشەکەکان بەشێوەی هەڕەمەکی ئاراستەی کوردستان دەکرێن و هاووڵاتی مەدەنی دەکەنە ئامانج.
ئەم هێرشە دوای ئەوەی دێت چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەهەمان شێوەیە ماڵی هاوڵاتیەکی دیکە لەناو سەنتەری هەولێر کرانە ئامانج کە تەنها ژن و پیاوێکی بەتەمەن لەنێو ئەو خانووەدا ژیانیان تێدا دەکرد.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرباری نیگەرانیەکانی لە بارەی هێرشەکان ڕایگەیاند،" بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانە قێزەونە، سەرکۆنە و تاوانباران شەرمەزار دەکەم.
بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دەگەینینە هەموو جیهان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو ستەمکاریەی بەرامبەریان دەکرێت دابندرێت و چیتر بەبیانووی بێ پاساو پەلاماری خەڵکی کوردستان نەدرێت."