سەرۆک ترامپ: پێم باشە کورد دوور بێت لەم شەڕە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ڕووداو سەبارەت بە ئەگەری بەشداری هێزە کوردییەکان لە شەڕی دژ بە ئێران وتی من پێم باشە کورد لەم شەڕە دوور بکەوێتەوە، چوونکە هەندێ کێشە دروست دەبێت کە بۆ ئەوان باش نابێت.

سەرۆک ترامپ وتی "پێم وایە ئەوان هەندێک کێشە و گرفت لەگەڵ خۆیان دەهێنن کە پێم وایە بۆ خۆشیان باش نابێت و بۆیە پێم باشترە ئەوان دوور بکەونەوە لەم شەڕە."

هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان 24 سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت وتی "پەیوەندی دێرینمان لەگەڵ کورد هەیە."

سەرۆک ترامپ وتیشی "کاتێک باس لە پلانی جەنگ دەکرێت، دەڵێن پلان نییە، بەڵام پلان هەیە، تەنها ناکرێ ئاشکرا بکرێت، ئەوە دادپەروەرانە نییە کە دەڵێن پلان نییە."

وتیشی "ئێمە پلانمان هەیە بۆ ئێران، هەموو شتێک پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژراوە، ڕەنگە ڕەخنە و هێرشی میدیایی هەبێت، بەڵام بڕیاردەرەکان لەسەر ئەو پلانە کار دەکەن کە پێشتر دانراوە."

سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، دۆناڵد ترامپ وتی لە ئێراندا پێیان گوترا ئەگەر بێیتە سەر شەقامەکان، دەتانکوژین و دەرئەنجامەکانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران قورسن.

وتی لە ئێران هەر کەسێک لە ماڵەکەی دەربچێت، یەکسەر دەیکوژرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە بۆچی خەڵکی ئێران دەبێ بیەوێت ژێرخانەکانیان لەناو ببرێت، سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ئەو ڤیدیۆیانەی کە بینیومانە لە نەیارانی حکومەت، دەڵێن تکایە، تکایە بیتەقێننەوە، بیتەقێننەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە تەنانەت لە نزیک ماڵەکەی خۆیان تەقینەوە دەبیت."

هەروەها کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەت بەسە بۆی یان خەڵکی ئێرانیش بۆیان هەیە بەشداری تێدا بکەن، وتی "ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بەسە بۆ من، ئەوە قبوڵکراوە، ڕۆیشتنی ئازادی نەوت دەبێت بگەڕێتەوە."

لە کۆتاییدا سەرۆک ترامپ لەسەر وادەی خۆی کە 24 کاتژمێرە، جەختی کردەوە و وتی "ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەمەریکا نەگەیشتە ڕێککەوتن، تا نیوەشەو هەموو پردەکانی ئێران لەناودەچن، بەتەواوی لەناودەچن، لەماوەی چوار کاتژمێردا، بێگومان نامانەوێت ئەوە بکەین."

ترامپ هەروەها لەبارەی تەقینەوەی پردی بی 1 لە کەرەج وتی "نزیک بووینەوە لە ڕێککەوتنێک کاتێک ویتکۆف و کوشنەر ئاگاداریان کردمەوە کە لە ڕێککەوتنەکە دەکشێنەوە، بۆیە وتم، گەورەترین پردەکەیان بتەقێننەوە."

هەڕەشەی ئەوەشی کرد ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەمەریکا بە شێوەیەک لە ئێران دەدات کە سەد ساڵی بوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی.