سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا و خەڵکی سڤیل دەکات

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە "قێزونەکان" دەکات کە لەلایەن "چەکدارە تیرۆرستەکانەوە" دەکرێنە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا و ناوچە سڤیلییەکان لە ناوچەکە.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی ئیکسی ڕایگەیاندووە "ئەم دەستدرێژییە بە مەبەستانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن. جێگای قبوڵکردن نین."

بارزانی جارێکی تر داواکەی لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لە بەغدا دووپات دەکاتەوە بۆ ئەوەی " دەستبەجێ هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بنێت دژ بەم گرووپە چەکدار و ملیشیا لە یاسادەرچووانە."

دەشڵێت "ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە کە هەموو ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە و بەرپرسیارکردنی ئەنجامدەرانی."

بە پێی دواین ئامارەکان لەوەتای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانپێکردووە، ئێران زیاتر لە 600 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش بەلایەنی کەم 14 کەس کوژراون و 93 کەسیش بریندار بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەو بەشێک نییە لەو شەڕە و هەوڵێکی زۆریشی داوە تا هێرشە موشەکی و درۆنیەکانی سەر هەرێم ڕابگیرێت و ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە.