Accessibility links

مەسعود بارزانی ئاشکرای دەکات پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگاکەی

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات لەوەتای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران لە مانگێک لەمەوبەرەوە دەستیانپێکردووە، پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارگاکەیان لەلایەن ڕژێمی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانیەوە.

لە ڕاگەیاندنەکەیدا سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دەشڵێت سەرباری ئەم هێرشانە " بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت."

ئاماژە بە هێرشەکەی ڕۆژی شەممەش دەکات بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک و دەڵێت "بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نییە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە."

بارزانی هێرسەکان بە "شەڕفرۆشتنێكی ئاشكرا" و " زوڵمێكی گەورە" بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ناودێر دەکات.

گوتیشی "لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نییە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان."

ڕۆژی شەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک هەر پاش هێرشەکە ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی وڵاتکە فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی "ئەمنی و تەكنیكی لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم" دەکردووە تا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن و تاوانباران دەستنیشان بکەن و هەموو ڕێکارێکی یاساییش دژیان بگیرێتەبەر.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سودانی جەختیش لەوە کردەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندە بەوەی ڕێگری بکات لە "هەر لایەنێکی لە یاسا دەرچو، چ ناوچەیی بێت یان نێودەوڵەتی، لە ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێکانی ناوچەکە."

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی ئاماری هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند لەوەتای ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دەستیانپێکردووە، 474 هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە ئێران لە ناو عێراقەوە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت لە ئەنجامی ئەو هێرشانە 14 کەس کوژراون و 93 کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG