ترامپ: ئێران 48 کاتژمێری ماوە ڕێککەوتنێک بکات یان تەنگەی هورمز بکاتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە هۆشدارییەکی نوێی ئاراستەی ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئێران ڕێککەوتنێک بکات، یان تەنگەی هورمز بکاتەوە.

سەرۆک ترامپ لەسەر پلاتفۆرمی تروث سۆشیاڵ ڕایگەیاند "لەبیرتانە کاتێک 10 ڕۆژم بە ئێران دا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکات یان تەنگەی هورمز بکاتەوە."

گوتی "کات بەدەستەوە نامێنێت، 48 کاتژمێر ماوە تا دۆزەخیان نیشان بدەین."

سەرۆک ترامپ لە 26ی مانگی سێ ڕایگەیاند کە تا 6ی مانگی 4 مۆڵەت دەدات بە ڕژێمی ئێران بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بپارێزێت.

ماوەیەکە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە داوا لە ئێران دەکەن تەنگەی ستراتژیکی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا بکاتەوە. چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕژێمی ئێران لە 28ی مانگی دوو، تاران ڕێگری لە هاتوچۆی ئازادی بازرگانی و بارکردنی نەوت لە ڕێگەی تەنگەکەوە کردووە.

داخستنی تەنگەی هورمز بووەتە هۆی کەمی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەو پێیەی نزیکەی 20%ی باری نەوت و کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕن.