نرخی نەوتی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بازاڕە داراییەکانیش دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوە دۆناڵد ترامپ لە وتارەکەی شەوی چوارشەمە ڕایگەیاند ئەمەریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
ترامپ ڕایگەیاند ئەمەریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا "زۆر بە توندی" ئێران دەکاتە ئامانج، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە ململانێکان "زۆر بە زوویی" کۆتاییان پێدێت و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بەردەوامن.
لەبەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، نرخی نەوتی خاوی وێست تەکساس ئینتەرمیدیت بۆ مانگی پێنج بەڕێژەی 13% بەرزبووەوە و گەیشتە 113 دۆلار و هەشت سەنت، هەروەها نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی شەش بەڕێژەی 8% بەرزبووەوە و گەیشتە 109 دۆلار و 29 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
بازاڕەکانی بۆرسە لە ئاسیا و ئەوروپاش دابەزینیان بەخۆوە بینی.
بەشێک لە نیگەرانییەکان لە لێدوانەکانی ترامپەوە سەرچاوە دەگرێت سەبارەت بە تەنگەی هورمز کە تیایدا جەختی لەوە کردەوە ئەو وڵاتانەی پشت بە ڕێڕەوی هورمز دەبەستن، دەبێت خۆیان هەنگاو بنێن بۆ دووبارە کردنەوەی ئەو تەنگەیە و دڵنیا بوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی نەوتهەڵگرەکان.
هاوکات نرخی بۆندەکانی حکومەت لە ئەمەریکا و شوێنەکانی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەروەها نرخی زێڕیش دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
سەرۆک ترامپ شەوی چوارشەممە متمانەی خۆی دەربڕی کە دوای تەواوکردنی ئامانجە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئابووری وڵاتەکە "بەم زووانە بە هێزێکی بێ وێنەوە دەستپێکدەکاتەوە."