سێنتکۆم هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 12 هەزار ئامانج لە ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەوەتای ئۆپەراسیۆنی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراو بە "توڕەیی ئەفسانەیی" دەستیپێکردووە، هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 12هەزار و 300 ئامانج لە ئێران.

سێنتکۆم دەشڵێت ئەولەویەتی هێرشەکان لەسەر دامەزراوە ئاسایشییەکان و ئەو ناوەندانە بووە کە هەڕەشەی دەستبەجێان دروستکردووە.

لە نێو ئەو ئامانجانەی کە ئاماژەیان پێکراوە، زیاتر لە 155کەشتی جەنگی ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران هەیە.

ئۆپراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی بە پشتیوانی ئیسرائیل لە 28ی مانگی دوو دەستیپێکرد و جگە لە کوشتنی عەلی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سەربازی هێرش کراوەتە سەر ئامانجە جۆراوجۆرەکانی دیکەش.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم ئەو ئامانجانەی کە تا ڕۆژی چوارشەممە 1ی مانگی چوار لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمانە دەگرێتەوە:

- ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ
- بیناکانی بارەگای سوپای پاسداران
- پێگە هەواڵگرییەکانی سوپای پاسداران
- سیستەمی بەرگری ئاسمانی و شوێنی مووشەکی بالیستیک
- کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێران
- سیستەمی بەرگری ئاسمانی هێزی ئاسمانی ئێران
- شوێنی مووشەکی دژە کەشتی
- توانای پەیوەندی سەربازی
- دامەزراوەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
- شوێنی هەڵگرتنی تەقەمەنی و چەک
- دامەزراوەی مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمان
- ژێرخانی پشتیوانی سەربازی

سێنتکۆم هەروەها بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی، لە زاری براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە پێنجەمین هەفتەی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی یەفسانەیی لە ئێراندا "پێشکەوتنی حاشاهەڵنەگر"یان بەدەستهێناوە.

کوپەر دەڵێت: "ئێمە نابینین هێزی دەریایی ئەوان بجوڵێت، نابینین فڕۆکەکانیان بفڕن، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکیشیان تاڕادەیەکی زۆر لەناوچووە".