سێنتکۆم هەواڵەکان لەبارەی بە ئامانجگرتنی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە ئێران ڕەتدەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا(سێنتکۆم) ڕاپۆرتە میدیاییەکانی سەبارەت بە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و هۆڵێکی وەرزشی لە لامێرد بە درۆ ناو دەبات و ڕەتیدەکاتەوە.

سێنتکۆم بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیوێتی "سوپای ئەمەریکا لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا هیچ هێرشێکی بۆ سەر لامێرد یان هیچ شوێنێک لە دووری 30 میل-ی شارەکە ئەنجام نەداوە.

لە بەیاننامەکەی سێنتکۆم دا هاتووە "ئەو مووشەکەی لە گرتە ڤیدیۆ و میدیاکاندا بینراوە، مووشەکی ئەمەریکایی (PrSM) نییە، چوون درێژیی ئەم مووشەکە ئەمەریکاییە 13 پێیە، لە کاتێکدا ئەو مووشەکەی لە ڤیدیۆکەدا بینراوە دوو ئەوەندەی ئەم مووشەکەیە و لەگەڵ قەبارە و سیمای مووشەکی کروزی جۆرەی هۆڤەیزە"ی ئێرانیدا دەگونجێت.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە "هێزەکانی ئەمەریکا هێرش ناکەنە سەر ناوچەی نیشتەجێبوون، بە پێچەوانەی ڕێژیمی ئێران کە زیاتر لە 300 جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچە نیشتەجێبوون و مەدەنییەکانی وڵاتانی دراوسێی."