ترامپ دەڵێت بە شێوەیەکی ڕژد بیر لە کشانەوە لە ناتۆ دەکاتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیڵی تەلەگرافی بەریتانیا ڕایگەیاند بە شێوەیەکی ڕژد بیر لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی نەیانتوانی پشتیوانی لە هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەن دژی کۆماری ئیسلامی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، ترامپ لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا، هاوپەیمانیی ناتۆی بە "پڵنگی کاغەزی" ناوبرد و وتی پرسی کشانەوەی ئەمەریکا لە پەیمانی بەرگری ئێستا لە سەروی پێداچوونەوەدایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە "من هەرگیز سەرسام نەبووم بە ناتۆ، هەمیشە زانیومە کە ئەوان پڵنگێکی کاغەزین و پوتن-یش ئەوە دەزانێت."

جگە لە ترامپ، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ناتۆ وتی "پێویستە دووبارە لێکۆڵینەوە بکەینەوە کە ئایا ناتۆ هێشتا ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات یان بووەتە شەقامێکی یەکلایەنە کە تێیدا ئەمەریکا تەنها یارمەتی ئەوروپا دەدات، بەڵام کاتێک پێویستمان بە هاوکاری هاوپەیمانەکانمان دەبێت، مافی بەکارهێنانی بنکە و ئاسمانیمان لێ زەوت دەکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەگەر گەیشتوینەتە خاڵێک کە هاوپەیمانی ناتۆ بەو مانایە بێت کە نەتوانین لە بنکەکانیان بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان کەڵک وەربگرین، کەواتە ئەوە شەقامێکی یەکلایەنەیە."

سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار ڕەخنەی لە ئەندامانی ناتۆ گرتووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران هاوکاری ئەمەریکایان نەکردووە. چەندین وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە نێویاندا ئیسپانیا ڕێگرییان لە بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانیان لە لایەن فڕۆکە ئەمەریکاییەکان کردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران.