فەرماندەی سێنتکۆم گەشتی ئێسرائیل دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ئێران

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) پشتڕاستیکردەوە کە فەرماندەی هێزەکە، براد کوپەر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەشتێکی بۆ ئیسرائیل کردووە و لەگەڵ ئیاڵ زمیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە.

تیم هۆکینز وتەبێژی سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە میانی گەشتەکەدا کە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بەڕێوەچووە، هەردوو فەرماندەی باڵای سەربازی باسیان لە پێشکەوتنی بەدەست هاتووە لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکاندا کردووە بۆ نەهێشتنی توانای سەربازی ئێران.

گوتەبێژی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە هەروەها پابەندبوونیان بە "بەهێزکردنی هاوبەشی بەرگری ئەمەریکا و ئیسرائیل" دووپاتکردووەتەوە و جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگ بوونیان کردووەتەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە گەشتەکەیان ڕایانگەیاند و بڵاویان کردبووەوە کە کوپەر و زەمیر باسیان لە هەڵمەتی هاوبەشی بەردەوامیان دژی کۆماری ئیسلامی کردووە. هەڵمەتێکی هاوبەش کە بە گوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرنجی لەسەر بە ئامانج کردنی پیشەسازییەکانی دروستکردنی چەکی ئێران بووە.