وەزارەتی دەرەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا: ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران و میلیشیا تیرۆریستییە عێراقییەکان دەکات

هێرشەکەی بەرەبەیانی سێشەممە کە بنکەی پێشمەرگەی لە قەزای سۆران کردە ئامانج، چەندین زیانی گیانی لێکەوتەوە و سەرکۆنەکردنی توندی بەرپرسانی ئەمەریکا و دەسەڵاتدارانی کوردی لێکەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێرشەکەی ڕژێمی ئێرانی بۆ سەرهێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە کرد.

لە ڕاگەیاندنێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، تۆمی پیگۆت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند " ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشە بەربڵاوەکانی ئێران و میلیشیا تیرۆریستییە عێراقییەکان دەکات بۆ سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش هێرشە قێزەونەکەی (ڕۆژی سێشەممە) لە نزیک هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق".

پیگۆت هەروەها سەرەخۆشیشی لە کەسوکاری پێشمەرگەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

بەرەبەیانی سێشەممە هێرشێکی مووشەکی بالیستیک بۆ سەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە قەزای سۆران ئەنجام درا و تیایدا شەش پێشمەرگە کوژران و 30ی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشەی بە "تیرۆریستی" ناودێر کرد و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ئەو هێرشانە ڕابگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە لە دەمی بەشداری کردن لە پرسەی پێشمەرگەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند هەر پاش ڕووداوەکە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە کردووە و گوتی، " ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەک كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن. هاوخه‌مى و پەیامی سەرەخۆشییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەڵامی كۆماری ئیسلامیی ئێران چى دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان."

سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە بەرپرسیاريه‌تیی حكومەتی عێراق به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه‌ى کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پێویستە حكومەتی عێراق دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت وەک وڵاتێكی خاوەن سەروەری. سەرەتا پێویستە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن، ئه‌وانه‌ى (گرووپە) لەیاسادەرچووه‌كان دەيكه‌نە سەر هەرێمی كوردستان. ئەمە ئەركێكی حكومەتی فیدراڵی عێراقە كە پێویستە جێبەجێی بكات".

هەر ڕۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دەمی بەشداری کردنی لە پرسەی پێشمەرگەکان لە سۆران ڕایگەیاند "بەهۆی خوێنی ئەم شەهیدانەیە کە ئێمە بە سەربەرزی لە وڵاتی خۆمان دەژین، هیچ جار خوێنی شەهیدان بەخەسار نەچووە و ئەم جارەش بە خەسار ناچێت".

لەوەتای ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە کۆماریی ئیسلامی دەستیپێکردووە، ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی نزیکەی ڕۆژانە هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هیچ سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی نییە. جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەیشتن بە بەرگری ئاسمانی ئەرکێکی سەروەرییە کە دەبێت حکومەتی عێراق جێبەجێی بکات، بەڵام هێشتا عێراق بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە."