Accessibility links

لە ئەنجامی دوو هێرشی جیاوازی ڕژێمی ئێران 6 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و 30 پێشمەرگەش برینداربوون

بەرەبەیانی ئەمرۆ 24ی مانگی سێی 2026، لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئەنجامی دوو هێرشی جیاوازی مووشەکی بالیستی ڕژێمی ئێران بۆ سەر پێشمەرگە 36 پێشمەرگە کوژران و برینداربوون.

لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕژێمی ئێران درێژکرد و ڕایگەیاند،" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا ، بارەگایەکی فیرقەی 7 ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5 ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون."

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و ڕایدەگەیەنێت،" هەموو ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان و بە هیچ جۆرێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر چۆنیەتی هێرشەکە و دواین زانیارییەکان، ویستی ڕایی قایقمامی خەلیفان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەڕایی ئەوەی هاوخەمی خۆیی بۆ کەسوکاری قوربانیەکان دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست و ڕایگەیاند،" هێرشی دوژمنکارانەی غەدر و خیانەتی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین کە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەش بریندار بوون."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند،"هەموو ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکاریەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان دەگرینە بەر و داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە دوژمنکارانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا لە هەموو لایەک دەکات شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانیان دەکات بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.

لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند،"بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەى ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون.."

دەشڵێت،" هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆيه‌ ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان."

هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سەرکۆنەی ‌هێرشەکانی ئێرانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان کرد و ڕایگەیاند" بە توندی ئیدانەی بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین و ئەم هێرشە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتی باش دەزانین." لە کۆتاییدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری هەر شەش شەهیدەکە دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین."

بە گوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تیمی کە کار لەسەر هێرش و بۆردومانەکانی وڵاتیانی تورکیا و ئێران دەکات بڵاویکردووەتەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆڕەی ئەفسانەی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی ئێران، تا ڕۆژی 15ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لەعێراق، (307) جار هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە (8) کەس کوژراون و (51) کەسی تر برینداربوون." بەڵام ئێستا ئامارەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئاماری نوێ بڵاوبکەنەوە.


XS
SM
MD
LG