تورکیا، میسر و پاکستان هەوڵی نێوەندگیری بۆ دانوستانی ئێران و ئەمەریکا دەدەن

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە تورکیا، میسر و پاکستان هەوڵدەدەن لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران ڕێکبخەن، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوولا هێشتا دڵنیا نین لە هەڵوێستەکانیان.

بەگوێرەی هەواڵەکان، پاکستان پێشنیاری نێوەندگیری کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث پۆستێکی شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستانی بڵاو کردووەتەوە کە نووسیوێتی "پاکستان پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکان دەکات بۆ دانوستان و بە تەواوی پشتگیری لەو هەنگاوە دەکات بۆ پێشخستنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە."

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ نووسیوێتی بەرپرسانی تاران گومانیان هەیە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاگربەست و بە "تەڵە"ێکی ئەگەری دەزانن.

ئەمەش ببینە سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ میوانداری دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران


هاوکاتی ئاژانسە هەواڵییەکان، لەوانە ڕۆیتەرز و ئەسۆشێتد پرێس بڵاویان کردووەتەوە کە پنتاگۆن بەنیازە نزیکەی سێ هەزار سەرباز لە یەکەی 82ی ئاسمانی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردۆتەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی هێز بۆ ناو ئێران نەدراوە.