ڕۆیتەرز: بڕیارە هەزاران هێزی یەکەی تایبەتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بکرێن

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بیر لە ناردنی هەزاران سەرباز لە یەکەی 82ی ئاسمانی سوپای ئەمەریکا دەکاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئامادەیی سەربازیی واشنتن لە ناوچەکە بەهێزتر بووە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاندووە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بەنیازە هەزاران سەرباز لە یەکەی 82ی هێزی تایبەتی ئاسمانی کە بنکەکەی لە فۆرت براگ لە ویلایەتی کارۆلینای باکوورە، ڕەوانەی ناوچەکە بکات.

سەرچاوەکان کە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت، وردەکارییەکان لەبارەی شوێنی کۆتایی و کاتی وردی جێگیرکردنەکە نەخستووەتەڕوو.

یەکێک لەو سەرچاوانە ئاماژەی بەوەشکردووە تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی ئەو سەربازانە بۆ نێو ئێران نەدراوە، بەڵام ئەم ناردنە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی تواناکانی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکادایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیناریۆ ئەگەرییەکان لە ناوچەکەدا.