شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو لێدوانانە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی بۆ ماوەی 5 ڕۆژ دواخست چونکە "دانوستانی بونیادنەر" لە نێوان واشنتن و تاران لەئارادایە.
شەهباز شەریف لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاندووە پاکستان پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکان دەکات و بە تەواوی پشتگیری لەو هەنگاوە دەکات بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
وتیشی، "ئەگەر ئەمەریکا و ئێران ڕێکبکەون، پاکستان ئامادەیە و شانازی دەکات بۆ میوانداریکردن و ئاسانکاری بۆ دانوستانە مانادارەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە."
دواتر سەرۆک ترامپ لە پلاتفۆرمی خۆت لە تروث ئەم پەیامەی سەرۆک وەزیرانی پاکستانی بڵاو کردەوە بە بێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی لەسەر بدات.
هاوکاتی ئەم هەوڵانە، هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ئۆپەراسیۆنی زیاتریان لە دژی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران ئەنجام دا.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکانی فڕین لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام ڵینکن لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە. ئەو کەشتییە جەنگییە لە 28ی مانگی دووەوە کە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دەستیپێکردووە، سەکۆیەکی سەرەکی بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی ئێران.
درەنگانی ڕۆژی دووشەممە، سێنتکۆم نوێکارییەکی ئۆپەراسیۆنی لە ئەکاونتی ئێکسی خۆیدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 9 هەزار ئامانجی ڕژێمیان بۆمباران کردووە و هەتا ئێستا زیاتر لە 140 کەشتی ئێرانیان لەناوبردووە یان زیانیان پێگەیاندوون.
هەروەها هێزی بەرگری ئیسرائیل لە پۆستێکی ئێکسدا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە "هێرشی بەرفراوانیان" بۆ سەر شوێنەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ڕژێمی ئێران لە ناوەندی شاری ئەسفەهان و ناوچەکانی دیکەی ئێران ئەنجام داوە. پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی شەوێکدا زیاتر لە 50 ئامانجی ڕژێمیان پێکاوە، لەوانە شوێنی هەڵگرتن و هەڵدانی مووشەکی بالیستیک.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممە 23ی مانگی سێ لە کۆبوونەوەی گرووپی ئاسایشی مەمفیس سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی وتی "هێزی ئاگرینی بێ وێنە و زۆر بەهێزی ئێمە توانیویەتی بەشێکی زۆری توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوببات."