سەرۆک ترامپ دەڵێت ئێران و ئەمەریکا لەسەر کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی کۆکن

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا ڕایگەیاند ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئێران قسەی کردووە.

کاتێک پەیامنێرێک پرسیاری ئەوەی لە سەرۆک کرد ئەو بەرپرسە کێیە، ئامادەنەبوو ناوی ئەو بەرپرسە بخاتەڕوو، بەڵام وتی ئەوە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی نییە.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا نایەوێت ئەوان بکوژرێن.

گوتیشی "ئێمە ڕیزی یەکەم و دووهەم و تا ڕادەیەکیش، رێزی سێهەمی سەرکردایەتی ئێرانمان نەهێشتووە، بەڵام مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا دەکەین کە پێموایە بەڕیزترینە و سەرکردەیەکی سەرەکییە."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەردوولا لەسەر پرسگەلێکی مەزن ڕێککەوتوون.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد گفتوگۆکان کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە، بەردەوام دەبن و ئەگەر بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەردەوام بن، بەم زووانە ڕێککەوتنێک دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد ستیڤ ویتکۆف و زاواکەی، جەرێد کوشنەر، گفتوگۆکانیان بەڕێوەبردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو فەرمانی داوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران دوابخرێت.

سەرۆک ترامپ وتی ئێران ڕازی بووە بۆمبی ئەتۆمی نەبێت "ئێمە نەوەک بە هیچ پیتاندنێک ڕازی نین، بەڵکو دەمانەوێت یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەشمان دەوێت."