دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە هۆشدارییەکی توندی دایە ڕژێمی ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز و وتی "ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 48 کاتژمێردا تەنگەی هورمز بە تەواوی نەکاتەوە، ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی کارەبای ئێران و لەناویان دەبات.
سەرۆک ترامپ وتیشی ئەمەریکا "لە گەورەترینەکانەوە دەست پێدەکات."
ئێران زیاتر لە 600 وێستگە و دامەزراوەی کارەبای هەیە، بەڵام ژمارەیەکیان بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکە پێکدەهێنن.
وێستگەی کارەبای دەماوەند
وێستگەی کارەبای دەماوەند کە دەکەوێتە 35 کیلۆمەتری جادەی تاران و گەرمسارەوە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەکی 2868 مێگاوات هەیە و گەورەترین وێستگەی کارەبای ئێرانە. ئەم وێستگە گەورەیە 43%ی بەکارهێنانی کارەبای تاران پێکدەهێنێت.
وێستگەی کارەبای نێکا
وێستگەی کارەبای نێکا لە پارێزگای مازەندەران یەکێکە لەو دەگمەن وێستگانەی کارەبای کۆن لە ئێران کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەکەی نوێ بۆ زیاد کراوە و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەکی لە ئێستادا لە دەوروبەری دوو هەزار و 214 مێگاواتە. ئەم وێستگەی کارەبایە بە تەنیا نزیکەی هەموو بەکارهێنانی کارەبای مازەندەران و بەشێک لە بەکارهێنانی کارەبای پارێزگاکانی دیکەی باکووری ئێران دابین دەکات.
دەماوەند و نێکا تاکە وێستگەی کارەبای گەرمی ئێرانن کە توانای زیاتر لە دوو هەزار مێگاواتیان هەیە و پێکەوە 5.5%ی کۆی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەکی ئێران پێکدەهێنن.
وێستگەی کارەبای کرمان
وێستگەی کارەبای کرمان بە توانای ناوەکی 1943 مێگاوات، سێیەم گەورەترین وێستگەی کارەبای ئێرانە کە 60%ی بەکارهێنانی کارەبای کرمان پێکدەهێنێت؛ پارێزگایەک کە بە ناوەندی کانگاکانی ئێران ناسراوە.
وێستگەی کارەبای ڕامینی ئەهواز
وێستگەی کارەبای ڕامین کە دەکەوێتە شاری وەیس لە ساڵی 1974 دەستی بەکار کردووە، لە ئێستادا چوارەمین گەورەترین وێستگەی کارەبای گەرمی ئێرانە بە توانای ناوەکی 1903 مێگاوات و بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە بەکارهێنانی کارەبای پارێزگای خوزستان کە ناوەندی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانە.
وێستگە سەرەکییەکانی تری کارەبا
هەروەها ئێران هەشت وێستگەی کارەبای گەرمی هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان لە نێوان 1300 بۆ 1700 مێگاوات هەیە کە پێکەوە 12%ی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وڵات پێکدەهێنن.
وێستگەی کارەبای محەمەد مۆنتەزەری بە توانای ناوەکی 1616 مێگاوات، ورمێ بە توانای 1455 مێگاوات، پەرەند بە 1544 مێگاوات، جەهرۆم بە 1434 مێگاوات، کازرون بە 1372 مێگاوات، گیلان بە 1306 مێگاوات، عەسەلویە بە 1322 مێگاوات لە ڕیزەکانی گەورەترین وێستگەی کارەبای ئێرانن.
بە گشتی ئەو 12 وێستگەی کارەبا کە ئاماژەمان پێکردوون، زیاتر لە 21% لە توانای ناوەکی وێستگەکانی کارەبای ئێران پێکدەهێنن.