پاداشتی هەتا 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئەوانەی زانیاری لەسەر 5 بەرپرسی پاسداران دەدەن

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پاداشتی هەتا 10 ملیۆن دۆلار دەدات بە هەرکەسێک یان لایەنێک کە زانیاری سەبارەت بە پێنج بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بگەیەنێت بە حکومەتی ئەمەریکا.

وەزارەتی داد ڕایگەیاند ئەو کەسانەی زانیاری لەسەر پێنج سەرکردەکەی سوپای پاسداران پێشکەش دەکەن، جگە لە پاداشتی 10 ملیۆن دۆلار هەروەها دەکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشیان بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ناوی ئەو پێنج بەرپرسەی ئێرانی بە وێنەوە بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە: ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی پاسداران، عەلی عەبدوڵڵاهی بەرپرسی بارەگای سەرەکی خاتەمول ئەنبیا، سەعید ئاغاجانی فەرماندەی واڵایی پاسداران، حەمیدرەزا لاشغەریان فەرماندەی ئەلیکترۆنی پاسداران، مەجید خادێمی، بەرپرسی هەواڵگری پاسداران.

وەزارەتی داد دەڵێت ئەو کەس و لایەنانەی زانیارییان لەسەر ئەم بەرپرسانەی ئێران هەیە، دەتوانن لە ڕێگەی TOR یان پلاتفۆڕمی سیگنا پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفۆنە: سفر، سفر، یەک - دوو، سفر، دوو - حەوت، سفر، دوو - حەوت، هەشت، چوار، سێ.

ئەمەریکا سوپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28ی مانگی دووەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسە باڵاکانی گروپەکە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کراونەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە هێرشی ئاسمانییدا عەلی محەمەد نائینی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پاسدارانی کوشتووە.