وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕێگای بەرنامەی پاداشت بۆ دادوەری، پاداشتێکی هەتا دە ملیۆن دۆلاری دیاری کردووە بۆ هەر زانیارییەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ ناساندن یان شوێنکەوتنی ڕێبەری نوێی ئێران موجتەبا خامنەیی و هەندێک لە بەرپرسانی باڵای تری ڕژێمی ئێران.
لە پۆستەرێکی بڵاوکراوەی حکومەتی ئەمەریکدا هاتووە ئەم کەسانە سەرپەرشتی و فەرماندەیی چەندین بەشی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەکەن بۆ پیلاندانان و ڕێکخستنی هێرشە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هەر کەسانێک کە زانیاریی گرنگ پێشکەش بکەن لەسەر ئەم بەرپرسانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە، دەتوانن شایستەی وەرگرتنی پاداشت بن و هەروەها ڕەنگە مافی گواستنەوە و نیشتەجێبوونیان لە شوێنێکی تر پێ بدرێت بۆ پاراستنیان.
ئەو بەرپرسانەی کە حکومەتی ئەمەریکا بەدوایاندا دەگەڕێت ئەمانەن:
- موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران
- عەلی ئەسغەر حیجازی، جێگری بەرپرسی نوسینگەی ڕابەری باڵا
- سکرتێری ئەنجومەنی بەرگری
- ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵا
- یەحیا رەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری سەربازی ڕێبەری باڵا
- بەرپرسی نوسینگەی سەربازی
- عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕابەر و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی
- ئەسکەندەر مومنی، وەزیری ناوخۆی ئێران
- ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێران
- فەرماندەی پاسداران
ئەو کەس و لایەنانەی زانیارییان لەسەر ئەم بەرپرسانەی ئێران هەیە، دەتوانن پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفۆنە: سفر، سفر، یەک - دوو، سفر، دوو - حەوت، سفر، دوو - حەوت، هەشت، چوار، سێ.
بەرنامەی پاداشت بۆ دادوەری لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت و ئامانجی بریتییە لە بەدەستهێنانی زانیاری بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکان و گرتنی ئەو کەسانەی کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە تیرۆریزم تۆمەتبارن.