ترامپ دەڵێت ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێران "گەشتێکی کورتە" و بەم زووانە کۆتایی دێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەناو سوپای ئێراندا ترازانێکی زۆر سەریهەڵداوە؛ دەڵیت ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا "گەشتێکی کورت" و پێویست بوون بەمەبەستی گەیشتن بە جیهانێکی ئارامتر و بەم زووانە کۆتاییان دێت.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، "لە کاتێکدا هەموو شتێک لای ئێمە زۆر باش بوو، بینیم لە ئێران چی ڕووی دەدا. گوتم ڕقم لەوەیە ئەم گەشتە ئەنجام بدەم، بەڵام پێویست دەکات بیکەم. وامزانی ژمارەکان [نرخی نەوت] بەرزتر دەبێتەوە لەوەی کە هەیە. بەڵام ئەو گەشتە کورتە دەکەین و کاتێک تەواو دەبێت، جیهانێکی زۆر ئارامترمان دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان هاوڕای ئەمەریکان سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

ئاماژەی دا پێویست بوو "ئەم ئاگرە بکوژێنینەوە" کە "بەم زووانە تەواو دەبێت."

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کۆشکی سپی ئەوەی ڕاگەیاند.

ترامپ جارێکی تر ئاماژەی کرد بە پێویستی هاوکاری وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی ڕێڕەوی وزە لە تەنگەی هورمز. ڕایگەیاند بەرپرسانی ژاپۆن ئامادەییان دەربڕیوە بۆ زیادکردنی ڕۆڵی وڵاتەکەیان.

هەروەها جەختی کردەوە لە هەرەسهێنانی توانای سەربازی ئێران و بەهێزی سوپای ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکاندا. ڕایگەیاند دوێنێ شەو ئێران سەد و 14 مووشەکی هەڵداوە، بەڵام هەموویان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئەمەریکاوە لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە.