دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت و گاز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە

دوای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی نەوت و گاز لە عەرەبستانی سعودیە، قەتەر و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)، نرخی نەوتی جیهانی بەرزبووەتەوە. بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 19ی مانگی سێ، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکانی ئەوروپادا، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەریای باکوور زیاتر لە 5% بەرزبووەوە و گەیشتە 114 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئەمڕۆش ڕژێمی ئێران دوبارە هێرشی کردووەتەوە سەر پاڵاوگەیەکی دیکەی نەوت لە قەتەر و کێڵگەی گازی ئیماراتیش.

هەروەگا ڕۆیتەرز ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەی گەورەی سامرەفی عەرەبستان لە بەندەری یەنبەع لە دەریای سوور.

ئەم پاڵاوگەیە بە هاوبەشی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکایی و ئارامکۆی سعودیە دروستکراوە. بە لەبەرچاوگرتنی نائارامییەکان و کێشەکانی تەنگەی هورمز، بەندەری یەنبەع تاکە ڕێگایە بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی سعودیە.

چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هێرشەکان زیانێکی ئەوتۆیان بە پاڵاوگەی سامرەف نەگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا سەرچاوە فەرمییەکان وەڵامی پرسیارەکانیان سەبارەت بە ئەگەری زیانەکانیان نەداوەتەوە.

پێشتر سعودیە ڕۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرد. ئارامکۆ دەڵێت بەندەری یەنبەع وەک بەدیلێک بۆ تەنگەی هورمز، دەتوانێت ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتەکە لە ڕێگەی دەریای سوورەوە بنێرێتە بازاڕە جیهانییەکان.

کێڵگە سەرەکییەکانی وڵات لە کەنداو لە ڕێگەی بۆرییەکی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا کە توانای ڕۆژانەی حەوت ملیۆن بەرمیل هەیە، بە پاڵاوگە و تێرمیناڵە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوا، لەوانە یەنبەع، بەستراوەتەوە.

ڕۆیتەرز لەم دواییانەدا بە پشتبەستن بە کۆمپانیاکانی زانیاری کەشتیوانی ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرا هەناردەی نەوتی سعودیە لە بەندەرەکەوە لە مانگی سێ-دا بگاتە لوتکە ، واتە 3.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

هەروەها دۆناڵد ترامپ هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران دوبارە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە گازییەکانی قەتەر، ئەمەریکا بە شێوەیەکی "بەرفراوان" تەواوی دامەزراوەی پارسی باشوور لە عەسەلویە دەکاتە ئامانج.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمەریکا ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عەسەلویە نییە و ئەو جۆرە هێرشانە دووبارە نابنەوە.

دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی پارسی باشوور، ئێران وەڵامی دایەوە و هێرشەکانی کردە سەر پاڵاوگەکانی چەند وڵاتێکی هاوسنوور لەگەڵ کەنداوی فارس، لەنێویاندا زیانی بەرفراوانی بە دامەزراوەییەکی قەتەر گەیاند کە گەورەترین ناوەندی گازی سروشتی شلە لە جیهاندا. هێرشەکان نیگەرانی نوێیان لەبارەی دابینکردنی وزەی جیهانەوە دروستکردووە.