هێزی واڵایی ئەمەریکا، دەستە شاراوەکەی هێڵی پێشەوە لە دژی ڕژێمی ئێران

ئەگەر فڕۆکە ئاسمانییەکان ئەنجامی زۆربەی شەڕەکانی سەدەی 20یان یەکلایی کردبێتەوە، ئەوا لە سەدەی 21دا ئەو ڕۆڵە دەدرێت بە هێزی واڵایی.

کاتژمێر یەک و 15 خولەکی بەیانی، لە ڕۆژی 28ی مانگی دووی 2026، ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە ڕژێمی ئێران دەستپێکرد، بە ئەنجامدانی شەپۆلێک لە هێرشی ئاسمانی کە کوژرانی ڕابەڕی کۆماری ئیسلامی عەلی خامنەیی لێکەوتەوە.

بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا، ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی ئەو هێرشە هێزی واڵایی ئەمەریکا کەوتبووە ناو جوڵەی سەربازی خۆی و "توانای بینینی ئێرانی کوێر کردبوو"، ئەویش لە ڕێگەی ئەو سەتەلایتانەی ناو واڵایی ئاسمان کە زیاتر لە 35 هەزار کیلۆمەتر لە سەر زەویەوە دوورن.

هێزی واڵایی ئەمەریکا لە 20ی دوازدەی 2019 لە خولی یەکەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپ دامەزرا بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە واڵایی.

هێزی واڵایی بە لقی شەشەمی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا دادەنرێت و هاوتایە لەگەڵ هێزی ئاسمانی. بودجەی تەخمینکراوی بۆ ساڵی 2026 بریتییە لە نزیکەی 40 بۆ 42 ملیار دۆلار.
ئەرکی سەرەکی هێزی واڵایی بریتییە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنی هێزە سەربازییەکان بۆ چالاکی پەیوەست بە واڵایی. گرنگترین ئامانجەکانی بریتین لە هەڵدان بۆ واڵایی، ئۆپەراسیۆنی سەتەلایتەکان (مانگی دەستکرد)، هەواڵگری و چاودێری ژینگەی واڵایی و توانای بەرگری سەتەلایت و موشەک.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی 24ی مانگی ڕابردوو لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری ساڵەنە لە کۆنگرێس بە شانازییەوە باسی ئەم هێزەی کرد و گوتی، "سەیری هێزی واڵایی بکەن! هێزی واڵایی کۆرپەلەی من، چونکە ئێمە دامانمەزراند. کۆرپەلەکەم زۆر گرنگ بووە."

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی 24ی دووی 2026 لە وتاری ساڵانەی سەرۆک لە بەردەم کۆنگرێس بە شانازییەوە باسی هێزی واڵایی کرد.



بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا، هێزی واڵایی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزوێلا نیکۆلاس مەدورۆ و هێرشەکانی سەر ئێراندا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە.

ژەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکانی ئەمەریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنی مانگی یەک بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزوێلا، ئەندامانی هێزی واڵایی کە بە "پاسەوان" ناسراون بوونەتە هۆی "دروستکردنی "ڕێڕەوێک لە سەرەوە" بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بە سەلامەتی، ئەویش لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەگەری هەڵدانی موشەک لەلایەن دوژمن و ڕێگری لە پچڕاندنی پەیوەندییە سەربازییەکان.

جەنەڕاڵ دان کەین دەڵێر ڕۆڵی هێزی واڵایی لە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو بۆ سەر ئێران بە هەمان شێوە سەرەکی بووە.

جەنەڕاڵ کەین دەڵێت، "هەرچەندە ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دیوەکەی تری هەسارەی زەویدا بوو، بەڵام سەدان پاسەوانی [هێزی واڵایی] هەبوون کە 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆوە کاریان دەکرد و پەیوەندییان بە پاسەوانەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە دەکرد، کاریان لەسەر ڕادارەکان دەکرد بۆ گەیاندنی ئاگادارکردنەوەی دەستبەجێ بە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان."



جەنەڕاڵ کەین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی وەزارەتی جەنگدا، ڕۆژی 2ی مانگی سێ ڕایگەیاند هێزی واڵایی لەگەڵ هێزی ناوەندی فەرماندەیی ئەلیکترۆنی بەیەکەوە بوونەتە هۆی "شێواندن و لەناوبردن و کوێرکردنی توانای ئێران بۆ بینین، پەیوەندیکردن و وەڵامدانەوە."

لەگەڵ فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکان و هێرشی وەڵامدانەوەی ئێران، هێزی واڵایی بەم شێوەیە کاریگەری درووستکردووە لەسەر ئەنجامەکان:

یەکەم، ئاشکراکردنی هێرشەکان: هێزی واڵایی لە ڕێگەی سەتەلایتەکانەوە چاودێری هەڵدانی موشەکی بالستی ئێرانی کردووە، بە شێوەیەک لە ڕێگەی تۆمارکردنی پلەی گەرمییەوە بتوانێت موشەکەکان کەمتر لە چرکەیەک لەگەڵ هەڵدانیان دەستنیشان بکات. بەمەش کاریگەری موشەکە بالیستییەکانی ئێران بە ڕێژەی 90٪ کەم کراوەتەوە.

دووەم، ئۆپەراسیۆنەکانی کارۆموگناتیسی: میشن دەلتا 3 کە یەکەیەکی هێزی واڵایی ئەمەریکایە، بووەتە هۆی "کوێرکردنی" توانای ڕاداتەکانی ئێران و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی ڕژێم. لەم ڕێگەیەوە فڕۆکەی شەڕکەری B2 ئەمەریکی توانیویەتی بە کەمترین مەترسی بچێتە قوڵایی تارانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان.

دیمەنی دانانی ئەنتێنایەکی چاودێری هێزی واڵاییە لە بنکەی ڤاندنبێرگ لە کالیفۆرنییا .

سێیەم، پاراستنی پەیوەندییەکان: هێزی واڵایی بەرگری کردووە دژ بە هەوڵەکانی ئێران بۆ پچڕاندنی هۆکارەکانی پەیوەندی هێزەکانی ئەمەریکا. هێزی واڵایی لەم ئۆپەراسیۆنەدا خزمەتگوزاری ناسراو بە "تەلارسازی جەنگاوەری واڵایی پەرەسەندوو" (PWSA)ی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی پتەوی پەیوەندی بەیەکبەستراو کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران پەیوەندییەکان بە کارایی و بێ پچڕان ماونەتەوە.

چوارەم، پشتڕاستکردنەوەی ئامانجەکان: هێزی واڵایی لە ڕێگەی بەکارهێنانی وێنەی ئاست بەرز، تۆماری دیمەنی ئەو ئامانجانە دەکات کە لەلایەن ئەمەریکاوە لەناوبراون، وەک کەشتییە شەڕکەرەکانی ئێران و کارگەکانی دروستکردنی موشەک.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) چوارشەممەی ڕابردوو لە کاتی ڕاگەیاندنی چەند ئەنجامێکی هێرشەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران ڕایگەیاند، "باڵادەستی واڵایی ئاسمانمان بووەتە بەرکارێکی زۆر گرینگ لەو شەڕەدا."

فەرماندەی سێنتکۆم گوتی، "هێزی واڵایی کە پێشتر لە جیهاندا نەبینراوە دوو شت دەکات؛ یەکەم: توانای ئێران بەرەو لاوازبوون دەبات. دووەم: یارمەتی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا دەدات."