سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕەخنە لە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان دەگرێت کە ئامادەییان دەرنەبڕیوە بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەڵێت "پێویستیمان بە هاوکاری کەس نییە."
سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ئەمەریکا لەلایەن زۆربەی 'هاوپەیمانەکانمان' لە ناتۆ ئاگادارکراوەتەوە کە نایانەوێت بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئێمەدا بکەن دژی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی هەموو وڵاتێک بە ڕژدی هاوڕا بوون لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەیکەین و لەگەڵ ئەوەی ئێران ناتوانێت، بە هیچ ڕێگا، شێوە، یان فۆرمێک، هەلی پێبدرێت چەکی ئەتۆمی هەبێت."
سەرۆک ترامپ سەبارەت بەم هەڵوێستەی هاوپەیمانانی ئەمەریکا گوتی، "من سەرم سوڕنەماوە لە کارەکەیان، چونکە هەمیشە وام داناوە ناتۆ ڕێگایەکی یەک سەرە، کە تێیدا ساڵانە سەدان ملیار دۆلار خەرج دەکەین بۆ پاراستنی ئەم وڵاتانە — ئێمە دەیانپارێزین، بەڵام ئەوان هیچمان بۆ ناکەن، بەتایبەتی، لە کاتی پێویستیدا."
ترامپ ئاماژەی بە سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی کرد و جەختی کردەوە لەوەی "خۆشبەختانە ئێمە هێزی سەربازیی ئێرانمان لەناوبردووە — هێزی دەریاییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان نەماوە، دژە فڕۆکە و ڕادارەکانیان نەماون و ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر ئەوە بێت، سەرکردەکانیان، بە شێوەیەکی مەجازی لە هەموو ئاستێکدا، نەماون، بۆ ئەوەی هەرگیز جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئێمە، هاوپەیمانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان، یان جیهان نەکەن!"
دەشڵیت، "بەهۆی ئەوەی کە ئێمە سەرکەوتنی سەربازیی لەو شێوەیەمان بەدەستهێناوە، چیتر 'پێویستی' یان ئارەزوومان بۆهاوکاریی وڵاتانی ناتۆ نییە — هەرگیز نەمانبووە! سەبارەت بە ژاپۆن، ئوسترالیا و کۆریای باشووریش بە هەمان شێوەیە. لە ڕاستیدا، لای من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە لە مێژوودا بەهێزترین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان، پێویستیمان بە یارمەتی کەس نییە!"