سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕژێمی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ڤیدیۆی ژیری دەستکردەوە ڕای گشتی نێودەوڵەتی چەواشە بکات، لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکەی وێران کراوە و توانای بەرگری نەماوە.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ئێران دەمێکە بە پێشەنگ لە چەواشەکردن و ئاراستەکردنی میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان ناسراوە. ئەوان لە ڕووی سەربازییەوە بێکاریگەر و لاوازن، بەڵام زۆر باشن لە پێدانی 'خۆراکی' زانیاری ناڕاست بە میدیای ساختەی سوپاسگوزار."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا بەوەی ژیری دەستکرد بووەتە چەکێکی تری بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بەدەستی ڕژێمی ئێرانەوە. دەڵێت ڕژێم ژیری دەستکرد "زۆر باش بەکاردەهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەناو دەبردرێن."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنە لەو میدیایانە دەگرێت کە بانگەشەکانی ڕژێمی ئێران بڵاودەکەنەوە بەر لە دڵنیابوون لە درووستی هەواڵەکان. دەڵێت، بۆ نمونە، پێشتر ئێران هەواڵی بانگەشەی لێدان لە کەشتی جەنگی ئەمەریکایی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵنی بڵاوکردووەتەوە، لە کاتێکدا سەرلەبەری هەواڵەکە هەڵبەستراوە و پشتی بەستووە بە ژیری دەستکرد.
سەرۆک ترامپ دەشڵێت، "ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێران خەریکە لەناو دەچێت و تاکە شەڕێک تێیدا 'سەردەکەون' ئەو شەڕانەن کە لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە دروستی دەکەن و لەلایەن دەزگای ڕاگەیاندنی گەندەڵەوە بڵاودەکرێنەوە."
لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو ڕژێمە بەردەوام بووە لەسەر بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە.
یەکێک لەو دەنگۆیانەی کە لایەنگرانی ڕژێمی ئێران بە پەرۆشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکردەوە بریتی بوو لە مردنی سەرۆکی ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشێکی ئێراندا. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو پرۆپاگەندەیە، بنیامین نەتانیاهو دوێنێ یەکشەممە ڤیدیۆیەکی لە یەکێک لە قاوەخانەکان بڵاوکردەوە کە تێیدا بە گاڵتەوە دەڵێت، "بۆ قاوە مردووم."
هەروەها ئەمڕۆش فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا چەند هەواڵێکی ڕژێمی ئێرانی بەناڕاست دانا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا دەڵێت وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە گوایە ئەمەریکا درۆنی خۆکوژ بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو. فەرماندەکە دەڵێت ئەو هەواڵە "درۆیە"، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران بە هەزاران درۆن و مووشەکی گرتووەتە سەر وڵاتانی دراوسێ و ژێرخانی ئابووری و گەڕەکە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج.