هەرێمی کوردستان بە توندی هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی سەر کونسوڵخانەی گشتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنە دەکات.
ڕۆژی شەممە سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیان لەسەر ئەو هێرشە بڵاو کردەوە وتیایدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان.
سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت " پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بكات و ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزایان بدات، تاکوو چیتر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات نەکەونە مەترسییەوە."
حکومەتی هەرێمیش هێرشەکانی کە بەم دواییانە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان بە هێرشی تیرۆرستی و تێکدەرانە ناودێر دەکات و دەڵێت "هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان، دەیان کەس بوونەتە قوربانی."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێرشیکی درۆنی (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) کرایە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون. ئەمەش دووهەم جارە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هێرش بکریتە سەر ئەو کونسوڵخانەیە لە هەولێر.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە هێرشی تیرۆرستی ناودێری دەکات.
وەزارەتەکە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کێ بەرپرسە بەرامبەر بە هێرشەکان دەڵێت "بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتی و شوێنە دیپلۆماسییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کە گەرەنتی پێشێلنەکردنی شوێنە دیپلۆماسییەکان و پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی دەکات."
دەشڵێت ئەم جۆرە کردەوانە دەبنە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
ئیمارات داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کردووە لێکۆڵینەوە بکەن و بەرپرسانی پشتی ئەم هێرشانە ئاشکرا بکەن.
لەوەتای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران دەستی پێکردووە زیاتر لە 290 هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. هەرچەندە حکومەت بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە کە هێرشەکان لەلاین ئێرانەوە کراون بەڵام زۆرێک لە شارەزایان دەڵێن ئەو هێرشانە لەلایەن ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن.
ئێران بە هەزاران هێرشی مووشەکیشی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە لە ناویاندا میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیش.