سەرۆک دۆناڵد ترامپ، سارا ڕۆجەرز، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری دیپلۆماسیای گشتی، ناوزەد کردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی، کە سەرپەرشتی چەند میدیای نێودەوڵەتی دەکات لە ناویاندا دەنگی ئەمەریکا.
ڕۆجەرز لە پلاتفۆرمی X ڕایگەیاندووە "زۆر شانازی دەکەم و سوپاسگوزارم بۆ ناوزەد کردنی من لەلایەن سەرۆک دۆنالد جەی ترامپەوە بۆ بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی. لە ئەگەری پەسەند کردنمدا، ئەم پۆستە هاوکات لەگەڵ پۆستی ئێستامدا بەڕێوە دەبەم. زۆر دڵخۆشمم بۆ ئەوەی دەس بە کار بم و زۆر چاوەڕوانی گفتوگۆ لەگەڵ کۆنگرێس ئەکەم."
ئەو هەروەها دەشڵێت "وتنەوەی ڕاستی و خۆلادان لە سانسۆر، بە تایبەتی لە کۆمەڵگا داخراوەکاندا، بۆ من دوو مەبەستی زۆر گرنگن. ئەمانە ئەرکی زۆر گرنگن بۆ وەزارەتی دەرەوە. ئەمانە هەروەها هۆکارێکن بۆ ئەوەی ئەمەریکا هێشتا پشتگیری دارایی لەو دامەزراوە میدیاییانە ئەکات کە ئەکەونە ژێر چەتری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی، تەنانەت لە سەردەمی پەرەسەندنی زۆری میدیای کەرتی تایبەت."
لە کاتێکدا کە راجرز چاوەڕوانی پەسەندکردنە لەلایەن سیناتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی، جێگری وەزارەتی دەرەوە بۆ بەڕێوەبەری و سەرچاوەکان مایکڵ ریگاس وەک بەڕێوەبەری کاتیی ئەو ئاژانسە و کەری لەیک وەک جێگری سەرۆک لە کارەکەیان بەردەوام ئەبن.
راجرز بە ئاماژە بە ریگاس و لەیک ووتی" من ستایشی وزە و خۆتەرخان کردنی ئەوان بۆ کارەکە دەکەم و هەروەها بەدڵخۆشیەوە چاوەروانی بینینی تیمی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی دەکەم."
دامەزراوەی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی سەرپەرشتی چەند میدیایەک دەکات لەوانە دەنگی ئەمەریکا، ئۆفیسی وەشانی کووبا، رادیۆی ئەوروپای ئازاد/ رادیۆی ئازادی، رادیۆی ئاسیای ئازاد، تۆڕەکانی وەشانی رۆژهەڵاتی ناوین و بونیادی تەکنۆلۆژیای ئازاد.