حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەنیازە نزیکەی 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیجی خۆی بخاتە بازاڕەوە، ئەمەش دوای زیادبوونی گرژییە ئاسایشیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو هەڕەشانەی ئێران بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور دەیکات.
ئەم هەنگاوە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات و بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری وڵاتانی بەکارهێنەری وزە بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بڕیاری واشنتن بۆ سنووردارکردنی نرخەکان
وەزارەتى وزەى ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەم ئازادکردنەى نەوتە بە فەرمانى دۆناڵد ترامپ ئەنجام دەدرێت و ئامانجى سەرەکى کەمکردنەوەى فشارەکانە لەسەر بازاڕى وزە و ڕێگریکردنە لە بەرزبوونەوەى زیاترى نرخەکان.
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەم هەوڵە هاوبەشەدا، سەرۆک مۆڵەتی ئازادکردنی 172 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژی داوە." وتیشی " بە لەبەرچاوگرتنی توانای دەردانی پلان بۆ داڕێژراو گەیاندنی ئەم قەبارەیە نزیکەی 120 ڕۆژی دەوێت".
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی هەماهەنگی وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەیە. ڕێکخراوەکە ڕایدەگەیەنێت ئەندامەکانی بە هاوبەشی یەکتر 400 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە یەدەگەکانیان بۆ بازاڕ ئازاد دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە شۆکی دابینکردنی نەوت بکەن.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاردانەوەی بازاڕ
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، نرخی داهاتووی نەوت دیسانەوە بۆ هەر بەرمیلێک 100 دۆلاری تێپەڕاندووە. دوابەدوای ئەم پێشهاتانە، بازاڕە داراییە جیهانییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕەوتێکی ڕوو لە دابەزینی هەبووە.
شارەزایان دەڵێن بەردەوامی پچڕانی ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە دەتوانێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ ئابووری جیهانی هەبێت. جگە لە نەوت، نرخی ئەلەمنیۆمیش لە بەرزبوونەوەدایە؛ پرسێک کە ڕەنگە تێچووی بەرهەمهێنان لە پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەوانی و بیناسازی لە ئەمەریکا و ئەوروپا زیاد بکات.
مەترسی لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی
پچڕانی گواستنەوەی دەریایی دەتوانێت بە خێرایی کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک کاڵای بەرفراوان هەبێت. شرۆڤەکارانی زنجیرەی دابینکردن هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، تەنها لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کاریگەرییەکانی لە نرخی زۆرێک لە بەرهەمەکان دیار دەبێت.
ئەو کەرتانەی مەترسییان لەسەرە بریتین لە:
پێو و بەرهەمی کشتوکاڵی
پێکهاتەکانی لاستیک و پیشەسازی
ئامێری ئەلیکترۆنی و پاتری
دەرمان
دروستکردنی جل و بەرگ لە ئاسیا
شەکر و هەندێک کاڵای سەرەتایی
شارەزایان دەڵێن هەنگاوی سەربازیی ئەمەریکا و پشتگیریکردنی بیمەی کەشتییەکان ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی بازرگانی، بەڵام مەترسییەکان هەروا وەک خۆیان دەمێننەوە.
هێرشی نوێکان بۆ سەر کەشتیوانی و دامەزراوەکانی وزە
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا چەندین کەشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراونەتە ئامانج. دەوترێت کەشتییە کۆنتێنەرەکان لە کەناراوەکانی عێراق و دوبەی کەوتوونەتە خوارەوە و دامەزراوەیەکی نەوتیش لە بەحرەین زیانی بەرکەوتووە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاوی کردەوەتەوە کە گروپەکانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران لەوانەش حوسییەکان لە یەمەن، ڕەنگە گەروویەک لە باشووری نیمچە دورگەی عەرەبی بگرن، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە ڕێگا گرنگە بازرگانییە جیهانییەکان پەک بخات.
نیگەرانییەکان لەسەر تەنگەی هورمز
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕەنگە هێزی دەریایی ئەمەریکا تا کۆتایی ئەم مانگە بتوانێت تانکەرەکان بە تەنگەی هورمزدا بەڕێبکات.
ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی کەنداوی فارس بە دەریای عومانەوە دەبەستێتەوە، یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا و نزیکەی لەسەدا 20ی نەوتی جیهان لەو ڕێگەیەوە دەگوازێتەوە. بژاردەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە وڵاتانی ناوچەکەوە زۆر سنووردارە.
ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران
پەرەسەندنی گرژییەکان دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران توندتر بووە. ئۆپەراسیۆنەکە کە بە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی ناسراوە، لە 28ی مانگی دوو دەستیپێکردووە.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بریتین لە؛
لەناوبردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران
نەهێشتنی توانای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی
سنووردارکردنی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە
شرۆڤەکاران پێیان وایە بەردەوامی ئەم گرژییانە نەک تەنها کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزە هەیە، بەڵکوو بازرگانی جیهانیش بۆ چەند مانگێکە کاریگەریان خراوەتە سەر. ئەگەر ڕێگا سەرەکییە دەریاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەک بخرێن، ئابووری جیهانی دەتوانێت ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین شۆکەکانی دابینکردنی وزە لە ساڵانی ڕابردوودا ببێتەوە.