ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایدەگەیەنێت حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕۆژانە لانیکەم 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بنێرێت.
ئاژانسەکە لە زاری کاربەدەستەکانی حکومەتەوە ڕایگەیادووە، وەزارەتی نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو ئەو داوایەی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەو نەوتەی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیای ڕوانە بکات، هینی گێڵگەکانی کەرکوکە، کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بەڕێوەدەبرێن.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاستی هەناردەکردنەکە بە تێپەڕبوونی کات بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بەندە بەو بڕە نەوتەی کە لەبەردەستدایە. بەغداش ئەرکی تێچووی گواستنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت. ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نەدراوەتەوە.
هەروەها بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاندووە، ئەو هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانە بووە کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە باشووری عێراقەوە، ڕوویداوە.
بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری عێراق، کە بەشی هەرە زۆری نەوتی وڵاتەکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت، بە ڕێژەی ٪70 دابەزیوە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەبەرئەوەی عێراق بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران، ناتوانێت نەوتەکەی لەڕێگەی کەنداوەوە هەناردە بکات. لەئێستادا ڕۆژانە یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، لەکاتێکدا پێش دەستپێکردنی شەڕەکە 4.3 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.