تۆم باراک ستایشی 'هەماهەنگی مەزنی' دارایی نێوان ئەمەریکا و حکومەتی نوێی سوریا دەکات

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا پێشوازی لە چالاککردنەوەی هەژماری بانکی سوریا لە ئەمەریکا دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی سەرۆک ترامپ بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی نوێی سوریا بەدیهێناوە.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی بۆ سوریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ "بەڵێنەکەی بۆ دابینکردنی دەرفەتێک بە سوریا جێبەجێ کردووە. هەژماری بانکی ناوەندی سوریا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011ەوە لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک چالاککراوەتەوە."

تۆم باراک دەشڵێت، "پێشکەوتن و هەماهەنگی گەورە لە نێوان حکومەتی سوریا و ئەمەریکا ئەنجامی بەرجەستکراوی نیشان داوە."

بانکی ناوەندی سوریا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بانکییەکانی لەگەڵ بانکی فیدراڵ ڕێزێرڤ نیویۆرک (بانکی ناوەندی لە نیویۆرک) تەواوکردووە و هەژمارەکەی لە دامەزراوەکەدا چالاککردووەتەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی سوریا، ئەم پێشهاتە دوای چەند مانگێک لە هەوڵی تەکنیکی و دوابەدوای هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە هاتە ئاراوە. هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی خۆشکردووە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ بازاڕە ناوچەیی و جیهانییەکان و دەرفەتی نوێی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕەوتی دارایی ڕەخساندووە.

هەر دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و ڕایگەیاند، "لابردنی سزاکان تەنها یەکەم هەنگاوە بۆ بەدیهێنانی دیدگای مێژوویی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مەزنی و خۆشگوزەرانی لە سوریا. گەنجینەی ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی نوێ کاردەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە سوریا بخاتەوە ناو سیستەمی دارایی جیهانییەوە."