دۆناڵد ترامپ: پاشەکشە ناکەین تا دوژمن بەتەواوی تێکدەشکێنرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە گردبوونەوەیەکی کۆمارییەکانی کۆنگرێس لە یانەی گۆڵفەکەی لە شاری دۆرال لە ویلایەتی فلۆریدا سەبارەت بە ئێران وتی "ئێمە پاشەکشە ناکەین تا دوژمن بە تەواوی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە شکستی پێ نەهێنرێت. لەبیرتان بێت، ئێران زۆر کاری خراپی کردووە. ئەگەر سەیری قاسم سولەیمانی بکەیت، دەزانن لەلایەن 'هەمان ئەو کەسەی کە دەیناسن' کوژراوە."

وتیشی "ئەگەر تەماشای سولەیمانی بکەیت بە باوکی بۆمبی کەنار جادەکان ناسراو بوو، ئەم بۆمبانە لەسەر جادە دەچێندران و لەکاتی لێخوڕیندا دەتەقینەوە؛ گرنگ نەبوو ئۆتۆمبێلەکە چەندە زرێپۆش بووبێت، تەقینەوەکە خەڵکی دەکوشت یان قۆڵ و قاچ و تەنانەت دەموچاویشیانی لێدەکردەوە."

سەرۆک وتی "ئەم بۆمبانە ڕۆژانە زیاتر و زیاتر پێشکەوتووتر دەبوون و ئەویش زیاتر و زیاتر دڵخۆشتر دەبوو بەو شتە. بەڵام ئێمە لەناومان برد. ئەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەو لە لوتکەدا بوو. ئەگەر ئەو زیندوو بوایا، ڕەنگە چیرۆکێکی تەواو جیاواز بووایە و ئەوان زۆر بەهێزتر دەبوون لەوەی ئێستا هەن، چونکە کەسێکی بەهێز و بێبەزەیی و توندوتیژ بوو".

سەرۆک ترامپ وتی "بەڵام لە خولی یەکەممدا لەناومان برد و زۆر شتی دیکەمان کرد؛ بەڕاستی زۆر شتمان کرد."